|
بیرەوەرییەكانم...بەشی
(3)
(09/12/2009)
گەڕانەوە لە ووڵاغلووەوە بۆ سلێمانی
بە
تەواوی بیرم نایەتەوە كەی لە ووڵاغلووەوە گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
بەڵام ئەوەندەم بیردێتەوە كە جاریكی دیكە لە گەڕەكی مەجید بەگ
لە خانووەیەكی كرێدا خۆمان بینییەوە و، باوكم جارێكی دیكە
بردینییەوە بۆ قوتابخانەی ئیسكان و دەستمان كردەوە بە خوێندن.
تا قوتابخانەی سەرەتایی ئیسكان و دواناوەندیمان تەواو كرد ھەر
لە گەڕەكی مەجید بەگ بووین. لە سەرەتای
بەشی دووەمی بیرەوەرییەكانمدا بە چەند دێڕێك ئاماژەم بۆ ئەوە
كرد كە من لە قوتابخانەی دواناوەندی لە بیركاری و كیمیا و
فیزیا باش نەبووم زۆرجار بە (قەرار) دەریان ئەچاندم. بەڵام لە
وانەكانی مێژوو و جوگرافیا و دین و زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و
كۆمەڵایەتی و ئەوانی دیكە زۆر باش بووم و بۆ تاقیكردنەوەكان
تەنھا یەكجار بەس بوو كە كتێبەكە بخوێنمەوە و دەرچوونم مسۆگەر
ئەكرد.
لە
دەست كردن بە قوتابخانەی دواناوەندی ھەفتەیەك دواكەوتم. ڕۆژێك
وانەی ئینگلیزیمان ھەبوو و مامۆستا بەناو ڕیزی قوتابییەكاندا
ئەگەڕا و لەپڕ بە یەكێكی ئەووت بخوێنە. بیرم دێتەوە جارێك مامۆستا
قادر فەرەج بە قوتابییەكی ووت بخوێنە. قوتابییەكە داڵغەی لێدابوو
و نەیزانی لە كوێوە بخوێنێت. مامۆستا وازی لێھێنا و بە كەسێكی
دیكەی ووت. بەڵام ھێندەی پێنەچوو و لەپڕ زللەیەكی لە پشت ملی
قوتابییەكە دا. ڕۆژی دوایی قوتابییەكە نەھاتەوە بۆ قوتابخانەی
وازی لە قوتابخانە ھێنا و، دواییتر بووە وەستای گەچكاری.
جێی داخە كە كاتی خۆی ھەندێك مامۆستا وایان ئەزانی قوتابی بە
لێدان و ھەڕەشە زیاتر فێری خوێندن ئەبێت. یان ھەندێك مامۆستا
حەزی بەوەبوو كە خۆی بنوێنێت و ھەست پێبكرێت كە بوونی ھەیە و
ئەبێ ڕێزی لێبگیرێت. ھەموو دایك و باوكەكان ئەیانزانی كە مامۆستا
لە منداڵەكانیان ئەدات و، لێدان وەك دیادرەیەكی سروشتی لێھاتبوو.
ھەر لە قوتابخانەوە تا بەڕێوەبەرایەتی خوێندن و پەروەردە و
وەزارەتیش ئەوەیان باش ئەزانی، بەڵام ئەو شێوە سەقەتەیان لە
پەروەردەكردن ڕاست نەئەكردەوە. بە ڕاستی قوتابخانە وەك سەربازگە
وابوو و، بۆ ھەندێك قوتابی بوو بووە جێی ترس و دڵەراوكێی ڕۆژانە.
وانەی ئینگلیزی
ھەر ئەو ڕۆژەی مامۆستا قادر لەو قوتابییەی دا بە منیشی ووت
ھەستە پیتە ئیگلیزییەكان بنووسە. نووسیم ، بەڵام لە نێوان پیتی
(b) و (d)
لێم تێكچوو و، كە مامۆستا ووتی ھەڵەیە، ئیتر لە ترسی زللە پیتەكانی
دیكەشم لە بیرچووەوە. مامۆستا ووتی دانیشە لێت نادەم، بەڵام
ئەگەر ڕۆژێكی دیكە نەزانی ئەتنێرم بۆ لای (عومەری مچە). عومەری
مچە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بوو. قوتابخانەكەش قوتابخانەی
دواناوەندی سەلاحەددین بوو. ھەر قوتابییەك بنێردرایە بۆ لای
عومەری مچە بێ لێدانێكی خەست نەئەھاتەوە. ئەو ھەڕەشەیە
ھەرچەندە ترسێكی لا دروست كردم، بەڵام كە ئەو كاتە نەیناردم بۆ
لای بەڕێوەبەر ھاندانێكی باش بوو و ھێندە جەختم لە وانەی ئینگلیزی
كردەوە ئەوەندەم بەس بوو كە پۆلدا فێر ئەبووم. كە چوومە پۆلی
دووی دواناوەندی دووەم كەس بووم لە وانەی ئینگلیزیدا، قوتابییەكی
دیكەمان ھەبوو ئەویش ناوی قادر بوو و خەڵكی لای چوارتا بوو.
ئەو یەكەم كەس بوو بۆ زیرەكی و، منیش دووەم بووم. جارێك مامۆستا
قادر لە پۆلی سێیەمەوە قوتابییەكی نادر بە شوێنمدا و كە چوومە
پۆلەكە پێی ووتم ئەو ووشانەی سەر تەختە ڕەشەكە مانا بكە بۆیان
و بۆ ھەریەكێكیشیان ڕستەیەك دروست بكە. زۆر ئاسان بوو لە لام و
ھەر زوو نووسیمن. مامۆستا ڕوو بە ڕووی قوتابییەكان ووتی ئێوەش
قوتابی پۆلی سێیەمن و ئەمیش قوتابی پۆلی دووەمە. مامۆستا قادر
ھەموو جارێك لێی دووبارە ئەكردمەوە و ئەیووت لە تاقیكردنەوەی
بەكالۆریدا پەلە نەكەی (100) ئەھێنیت. ئەوەبوو لە كۆتایی خوێندنی
پۆلی سێیەمی دواناوەندی تاقیكردنەوەی بەكالۆریمان ھەبوو و، پرسیارەكان
بەلای منەوە زۆر ئاسان بوون. لە پەلەكردنمدا لكی یەكێك لە پرسیارەكانم
بەجێھێشتبوو. ئەوەش وای كرد كە (93) لە (100) بێنم.
سیستمی پانتۆڵ
وەك بیرم بێتەوە لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەستەكاندا بوو كە
فەرمان درا ئەبێ قوتابیانی كوڕی دواناوەندی و ئامادەیی شاری
سلێمانی پانتۆڵ لە پێ بكەن بۆ قوتابخانە. ئەو ڕۆژەی كە پێیان
ووتین ووتیان سبەی نەیەنەوە ئەگەر پانتۆڵتان لەپێدا نەبوو. من
و قادری ھاوڕێم و قوتابییەكی دیكە شوێن بەختیاری كوڕی مامۆستا
عەبدولقادر كەوتین. ئەوان ماڵیان لە گەڕەكی مامۆستاین بوو.
عومەری مچە كە فەرمانەكەی بۆ خوێندینەوە ووتی بزانن كێ لە
قوتابییەكان باوكی مامۆستایە یان فەرمانبەرە لە گەڵیدا بڕۆن
بەڵكو پانتۆڵی زیادەیان ھەبێت و لێیان وەربگرن و خۆتان لای خەیات
چاكی بكەن.
كاتێك چووین بۆ ماڵی مامۆستا عەبدولقادر بەخێرھاتنیان كردین و
كۆمەڵێك پانتۆڵیان خستینە بەردەست. ئێمەش كە تاقیمان كردنەوە
ھێندە پان و گەورە بوون كە ھەریەكێكیان جێی دووانمانی تێدا ئەبووە،
چونكە مامۆستا عەبدولقادر خۆی پیاوێكی كەتە و باڵابەرز بوو.
ھەر پانتۆڵێكمان تاقی ئەكردەوە تا ماوەیەك پێكەنینمان بە خۆمان
ئەھات و، كردبوومانە ڕۆژی خۆمان. كەسمان بیرمان لەوە
نەئەكردەوە كە پانتۆڵ وەرگرتنی ماڵان عەیبە یان لەبەر ھەژارییە.
ئەوەی ئێمە بیرمان لێ ئەكردەوە ترسی لێدانەكەی بەیانی بوو بە
دەستی مامۆستا عومەری مچەی بەڕێوەبەر.
من
یەك پانتۆڵی پان و درێژم بەركەوت و ھێنامەوە بۆ ماڵەوە و داوام
لە دایكم كرد بۆم چاك بكات. ئەویش ھەرچەند سەری ھێناو برد نەیتوانی
و ترسی سەقەت كردنیشی ھەبوو. كە باوكم ھاتەوە ئەو كەوتە بڕینی
و دایكیشم بە دەرزی و بەكرە و بەدەست بۆی دوریمەوە. كە تاقیم
كردەوە قاچەكانی ھێندە تەسك بوون بەزۆر ئەچوون بە پێما. بەو پانتۆڵەوە
كە پێمان ئەووت (دارلاسیك) پۆلی دووەم و سێیەمی دوانانوەندیم
تەواو كرد.
زۆرجار
حەزم ئەكرد پانتۆڵەكە وتووی ھەبێت، بەڵام لە ماڵەوە وتوومان نەبوو.
ھەموو جارێك باوكم وەك پانتۆڵە پۆلیسییەكەی خۆی بە گوپە ئاو
تەڕی ئەكرد و لە ژێر خۆیدا ڕای ئەخست و بەیانی كەمێك وتووی ئەگرت
و، ئیتر بە شازی پانتۆڵمان ئەزانی و، كەشخەشمان پێوە ئەكرد.
چوونە
قوتابخانەی كشتوكاڵی بەكرەجۆ
كاتێك پۆلی سێیەمی دواناوەندیم تەواو كرد باوكم چووبوو لە گەڵ
وەستا سەعیدی چوخماخی قسەی كردبوو. وەستا سەعید باوكی ئەو كاك
جەمالەیە كە دوو كوڕی لە گەڵ كاك نامۆ لە سلێمانی بەدسەت یەكێتی
ئەكوژرێن. ئەو كاتە كاك محمدی كوڕە گەورەكەی لە قوتابخانەی
ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بوو و، لە یەكێتی قوتابیانی سەر بە
(جەلالییەكان) بوو. بە كارتێكردنی ئەوان باوكم منیشی ھاندا كە
بچمە ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ و، پێ ئەچوو ئەوەشیان لەبەرچاو
گربتێت كە لە بەشی ناوخۆیی قوتابخانەكەش وەرم بگرن. بەشی ناوخۆ
تەنھا بۆ ئەو قوتابیانە بوو كە خەڵكی قەزا و ناحیەكان بوون و
لە ئامادەیی كشتوكاڵ بۆ خوێندن وەرگیرابوون.
وەرگیرام و كەوتمە خوێندن و تا ماوەیەك لە گەڵ قوتابییەكانی
شاری سلێمانی بە پاسی مەسڵەحە ڕۆژانە ھاتوچۆمان ئەكرد. باوكم
توانای ئابووری نەبوو كە من ھەموو ڕۆژێك ھاتوچۆی نێوان بەكرەجۆ
و سلێمانی بكەم، بۆیە حەزی ئەكرد ھەرچی زووترە كاك محمد
مەسەلەی مانەوەم لە بەشی ناوخۆ یەكلا بكاتەوە. مەسەلەكە یەكلا
بووەوە و ساڵی یەكەم لە بەشی ناوخۆ مامەوە و ھەفتەی دوو ڕۆژ
ئەچوومەوە بۆ سلێمانی. لەو ساڵی مانەوەمدا ھەر كاك محمد خۆی
ناوی لە یەكێتی قوتابیانی جەلالییەكان نووسیم. بیرم دێتەوە زۆر
بەو كارە خۆشحاڵ نەبووم و، ھەر چەند جارێك چووم بۆ كۆبوونەوە.
لەو كۆبوونەوانەدا ھاوكات لە گەڵ ڕۆشنبیركردن بە پەیڕەوپرۆگرام
وئەدەبیاتی حیزب باس لە كوردستانی گەورە و دەوڵەتی كوردیمان بۆ
ئەكرا. لە دەرەوەی كۆبوونەوەكانیشدا ڕۆژانە شەڕی جەلالی و مەلاییمان
ئەبیست و زۆر لە گەڵ مەسەلەی كوردایەتی و باس كردن لە مافە
نەتەوایەتییەكانی كورد نەئەگونجان.
یەكێك لەو بیرەوەرییانەی لە بەشی ناوخۆوە دێنەوە یادم ئەو گەمە
سەیرە بوو كە لە خەودا لە گەڵ یەكتر ئەمانكرد. یەكێك كە زوو
ئەخەوت ئەچوون بە دەرزی و دەزوو باتانی و دۆشەكەكەیان پێكەو ئەدووری
و بەیانی كە لەخەو ھەڵئەستا و ھەوڵی ئەدا لە جێگاكەی بێتە
دەرەوە دۆشەكەكەشی ئەدا بە كۆڵیدا. ھەندێك ھەبوون زۆر توڕە ئەبوون
و، ھەندێكی دیكە شەوی دواییتر ھەوڵیان ئەدا ھەقی خۆیان
بكەنەوە. شەویك بە چەند كەسێك قوتابییەكیان بە قەرەوێڵەكەیەوە
بردە دەرەوەی قاعەكە و لەناو باخەكەی خوار جادەكەی بەكرەجۆ -
سلێمانی دایاننا. باخەكە باخی قوتابخانەكە بوو. بۆ بەیانی كە
خەبەری ئەبێتەوە ئەبینێت وا لە ناو باخێكی دوور لە بەشی ناوخۆدایە.
قوتابییەكی خەڵكی ناو شاری سلێمانیمان ھەبوو جاروبارێك لە بەشی
ناوخۆ ئەمایەوە. ئەو قوتابییە زۆر ھەزەلی بوو. شەوێك لەو
شەوانەی كە مابووە لە نیوە شەودا چووبوو ھەرچی كاغەی ناو بەرمیلی
خۆڵەكە ھەبوو ھێنابووی و لەسەر سكی قوتابییەكی خەڵكی ڕانیە كە
لە خەودا بوو، داینابوو و ئاگری پێوەنابوو. كاتێك گەرمایی ئاگر
ئەگات بە سكی قوتابییەكە خەبەری ئەبێتەوە و ڕائەكاتە گۆشەیەكی
ڕەدھەكە و ئیشارەت بۆ جێگەكەی خۆی ئەكات و ئەڵێ (ئاگر...ئاگر)
و، وەك شێتی لێ دێت. بۆ بەیانی قوتابییەكانی ڕانیە كۆئەبنەوە و
تەگبیری لێدانی ئەو قوتابییەی سلێمانی ئەكەن. بەڵام لەبەر
ئەوەی مەسەلەكە نەبێت بە جەلالی و مەلایی وازیان لێھێنا.
ئەشكەنجەدانی شەوانەی قوتابیان
مەسەلەی جەلالی و مەلایی زۆر بە گەرمی لەناو قوتابیاندا ھەبوو
و، ئەوانەی خەڵكی ڕانیە و قەڵادزێ و حەڵەبجە و قەزا و ناحیەكان
بوون زیاتر سەر بە مەلایی بوون. ئەوانەیان كە چالاكییان ھەبوو
یان ڕاپۆرتیان لەسەر ئەھات شەوانە ئەندامەكانی یەكێتی
قوتابیانی سەر بە جەلالییەكان یەك یەك و دوو دوو ئەیانبردن و
لە ئەلبانەكە داركارییان ئەكردن و بە بەرگی تۆزاوی و بە
جەستەیەكی شەكەتەوە ئەیانھێنایەوە و ھەڕەشەی كوشتنیان لێ ئەكردن
ئەگەر لای كەس باسی بكەن.
قوتابییەكی زۆر بێدەنگی خەڵكی ھەڵەبجەمان ھەبوو ناوی (حەمە
سەعید) بوو. ئێوارەیەك لەسەر عەلادینی ڕەدھەكەی خۆیان یەند قاشێك
باینجان سور ئەكاتەوە، قوتابییەكی یەكێتی قوتابیانی جەلالییەكان
دێت و قاشێك باینجان دەرئەكات و ئەیخوات. ئەویش تەنھا ئەوەندە
ئەڵێ كە بۆچی پرس ناكات. ئیتر بۆ شەوێ ئەیبەن بۆ ئەلبانەكەی
بەكرەجۆ. ئەلبانەكەی بەكرەجۆ بارەگای جەلالییەكان و سجنەكەیانی
لێبوو. لە ئەلبانەكە ئەو قوتابییە ھەڵەبجەییە بە عەمودێكی كۆنی
كارەباوە لە تاریكییەكدا ئەیبەستنەوە و، یەكێك ئەڵێ با بیكوژین
و ئەوی دیكە ئەڵێ با نەیكوژین. قوتابییەكەی ھەڵەبجە دوای ڕووخانی
جەلالییەكان لە ساڵی (1970)دا ئەوەی بۆ گێڕاینەوە ووتی لەو كاتەدا
كە تفەنگیان لەسەر ڕاگرتبووم گوێم لە دەنگێك بوو لە دوورەوە
ووتی كوڕە نەیكوژن تا دێمە لاتان. كە ھاتە پێشەوە چاویان
كردمەوە و لە عەمودەكەشیان كردمەوە. ئەوانەی منیان بۆ كوشتن ھێنابوو
ڕۆیشتنەوە و منیان بەجێھێشت. ئەو پیاوەی ڕزگاری كردم دوكتۆر
فوئاد مەعسوم بوو.
ئەلبانەكەی بەكرەجۆ
ئەلبانەكەی بەكرەجۆ بریتی بوو لە كۆمەڵێك خانووی دەوڵەتی كە بۆ
پشكنین و توێژینەوەی ئاژەڵداری و كشتوكاڵی دروست كرابوون. كاتێك
باڵەكەی مەكتەبی سیاسی كە لە پارتی دیموكراتی كوردستان
ترازابوون و چووبوونە ئێران و گەڕابوونەوە، بارەگایان لە ناو
ئەو خانووانەدا دانابوو و، ھەر لەوێش خانووەكیان كردبووە
زیندان. دوای بەیانی (11)ی ئاداری ساڵی (1970) و ڕووخانی جەلالییەكان
ئیتر خەڵكی كەوتنە گەڕان بە دوای گیراو و وونبووەكانیاندا.
یەكێك لە جەلالییەكان ھەر لەو كاتەدا كە دەسەڵاتیان لە بەكرەجۆ
ھەبوو بۆی گێڕاینەوە كە چۆن مەلاییەكیان بە پشتی خنكاندووە.
ووتی من لە ھەموویان قەڵەوتر بووم. ووتیان تۆ ئەبێی دان پێدانان
لەو زیندانییە وەربگرێت و، ئەگەر ھیچی نەدركاند پشتییەك بخەرە
سەردەمی و لەسەری دانیشە تا ئیعتراف ئەكات یان گیانی دەرئەچێت.
ئەو كەسە ئێستا لە ژیاندا نەماوە. ووتی كابراكەیان ھێنا و
داوایان لێكرد ئیعتراف بكات و، نەیكرد. دایان بە زەویدا و پشتییەكیان
خستە سەر دەمی و منیش بەو قەڵەوییەوە لەسەر دانیشتم. ھەرچەندە
لنگەفرتێی كرد من لەسەری ھەڵنەستامەوە تا گیانی دەرچوو.
دوای بەیانی (11)ی ئادار خەڵك چوون زیندانی جەلالییەكانیان لە
ئەلبانەكەی بەكرەجۆ ڕووخاند. من لەوێ نەبووم و ئەوەی بیستوومە
لە خەڵكەوە بووە. ووتیان لەناو دیواردا ئێسقانی خەڵكیان دەرھێنانوەتەوە
كە بۆ ئەشكەنجەدان خستوویانەتە ناو چینی دیوارەوە و چیمەنتۆیان
كردووە بەسەردا و لەوێدا مردووە.
ڕەمی كردنی ملكۆ و سیامەندی خوشكەزای مەلا مستەفا
من
زۆر لە شانم قورس بوو كە بێ ئیرادەی خۆم ناویان لە لیستی یەكێتی
قوتابیانی جەلالییەكان نووسیبوو. لەبەر ئەوە ساڵی دووەمی
قوتابخانە بەشی ناوخۆییم بەجێھێشت و، بەوەش یەكێتی قوتابیانم
لە كۆڵ بووەوە و باری شانم سوك بوو. من ھەر ئەو ساڵانە سیاسەتی
مام جەلالم بە دڵ نەبوو و، ھەتا ئێستاش پێم وایە مامە جەلال نەیتوانیوە
ئەو ھەڵە گەورەیە راست بكاتەوە و، وەك خاڵێك لە ژیانیدا ھەر
دەمێنێ. ھەزارانی وەك من كە لە نزیكەوە ئاوا جەلالییەكانیان
ناسیووە و سیاسەتی جەلال تاڵەبانیان لە واقیعدا بینیووە،
ئەمڕۆش كە شەڕی چەندجارەی براكوژیشی ھاتۆتە سەر، متمانەیان بە
یەكێتی نیشتمانی كوردستان نییە.
چەند شەوێك بوو وەك میوان لای ھاوڕێكانی بەشی ناوخۆ مابوومەوە.
ئێوارەیەك پێش ئەوەی دنیا تاریك بێت سەركردایەتی یەكێتی
قوتابیان ھەموو قوتابییەكانیان ئاگادار كردەوە كە بچنەوە
قاعەكان و خۆشیان لە دیوی دەرەوە قاعەكانیان بە قفڵ داخست و
ووتیان ئەمشەو مەلاییەكان ھێرش ئەكەنە سەر بەكرەجۆ. ئەو
قوتابیانەی سەر بە جەلالییەكان بوون ھەموو تفەنگ و فیشەكدانیان
لە خۆیان بەست و، لە دەوری قاعەكان كەمینیان دانا. لەپڕ لە نیوە
وشەودا دەستڕێژێكی گوللە لەناو شاری بەكرەجۆوە كرا. ھێندەی
پێنەچوو كە لەولا قوتابخانەكەی ئێمەوە چەند دەستڕێژێكی گوللە
كرا. ئیتر لە ھەموو لایەكەوە دەنگی گوللە بوو و، بیرم دێتەوە
دەمەوبەیانیش جاروبارێك دەنگی تەقە ئەھات.
دوای چەند ڕۆژێك ھەواڵێكی زۆر ناخۆش بڵاو بووە. ئەویش ئەوەبوو
كە ئەو شەوەی ووتیان مەلایی دێنە سەر بەكرەجو وا نەبوو. بەڵكو
ئەوە خۆڵكردنە چاوی خەڵك بوو و پلانێك بوو. دوای ئەو چەند
تەقەیەی لەناو بەكرەجۆ كرا، ئەو دەستڕێژی گوللەیەی لەولا
قوتابخانەكەی ئێمەوە كرا ڕەمی كردنی ملكۆ و سیامەندی خوشكەزای
مەلا مستەفای بارزانی و ھاوڕێكانیان بوو.
ھەر ئەو كاتە بیستمان كە ملكۆ و سیامەند لە لایەن جاشەكانی
حاجی برایمی چەرمەگاوە لە شەڕێكدا دەستگیر كرابوون و، حاجی
برایم ڕادەستی حكومەتیان ناكات و تا ماوەیەك لای خۆی ئەیانھێڵێتەوە.
بەڵام دوایی ئەیانداتە دەست مام جەلال و، ئەویش بەو جۆرە لەناوی
بردن.
مەلا مستەفا تۆڵەی ساندنەوە
كاتێك ڕژێمی بەغداد نەیتوانی مەلا مستەفا و شۆڕش لەناوبەرێت
كەوتە گفتوگۆ لە گەڵ مەلا مستەفا و، گفتوگۆكان ڕێكەوتننامەی
(11)ی ئاداری ساڵی (1970)ی لێكەوتەوە. مەلا مەستەفا لێبووردنێكی
بۆ جەلالییەكان دەكرد و ڕایگەیان كە ھەموویان جگە لە سەركردەكانیان
ئەتوانن بە چەك یان بێ چەكەوە بگەڕێنەوە ناو شۆڕش و لای پارتی
دیموكراتی كوردستان. بۆ ئەوەی لێبووردنەكە بیانگرێتەوە سەركردایەتی
جەلالییەكانیش ئەبوو كۆبگرەیەك ببەستن و ئەو حیزبە
ھەڵوەشێننەوە كە دروستیان كردبوو و بە درێژەدەری پارتی
دیموكراتی كوردستان لەقەڵەمیان دابوو. ئەوبوو سەرانی جەلالییەكان
چوونە بەغداد و لەوێ كۆنگرەیان بەست و لە بەیانێكدا ھەڵوەشاندنەوەی
حیزبیان ڕاگەیاند.
خەڵكی سادەش لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا ھەموو پەیوەندیان كرد بە
بارەگا و بنكەكانی پارتییەوە و گەڕانەوە ناو شۆڕش. جێی ئاماژە
بۆ كردنە كە یەكێك لە مەبەستەكانی حكومەتی بەغداد لە گفتوگۆ و
ڕێكەوتنی لە گەڵ مەلا مستەفا ئەوەبوو كە ئیتر مەلا مستەفا بە ڕاست
و چەكدا بكەوێتە گیانی جەلالییەكان و ئیتر كورد خۆیان یەكتر قڕ
بكەن. بەڵام مەلا مستەفا زۆر لەوە ژیرتر و زیرەكتر بوو و،
لەبری ئەوە لێبوردنێكی گشتی دەكرد و، ماڵی كوردی كردەوە بە
یەك. بەڵام ئەوەی مەلا مستەفا كەبیری نەچووەوە كوشتنی ملكۆ و
سیامەندە بوو.
دوای دەرچوونی ڕێكەوتننامەی (11)ی ئاداری ساڵی (1970) خەڵكی
دەستە دەستە سەردانی مەلا مستەفایان ئەكرد لە گەڵاڵە و چۆمان.
بنەماڵەی حاجی برایمیش بڕیاریان دابوو كە سەردانی مەلا مستەفا
بكەن و ڕێككەوتنێك بكەن. مەلا مستەفاش سەردانەكەی قبوڵ كردبوون.
پیاوە ئازا و دەركەوتووەكانی ئەو بنەماڵەیە ھەموویان ڕۆژێك
بەرەو لای مالە مستەفا بەڕێ ئەكەوون. كە نزیك ئەبنەوە پێیان
ئەڵێن ئیتر كەس بۆی نییە بە چەكەوە بچێت بۆ بارەگای مەلا مستەفا
و ناوچەكە ئەمین و ھێنمە. ئەوانیش چەكەكانیان تەسلیم ئەكەن و
بێ چەك بەڕێ ئەكەوون. لەناو دۆڵێكدا ئەكەونە كەمینەوە و ھەموویان
ئەكوژرێن. ھەنێك كەس ئەو كاتە پێیان وانەبوو كە مەلا مستەفا
خۆی ئەوەی كردبێت. ھەندێكیش پێیان وابوو كە كوڕەكانی و خەڵكانی
دیكەی بارزانییەكان و پارتی یان دەزگای پاراستن ئەوەیان كردبێت.
تۆڵە سەندنەوەی خەڵكی سادە لە جەلالییەكان
ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان لەناو جەلالییەكانەوە یان لە پەنا
ئەوانەوە تەعدایان لە خەڵكی كردبێت یان خەڵكیان بۆ جەلالییەكان
كوشتبێت و ئاشكرا بووبێتن، لە دوای دەركردنی ڕێكەوتننامەی
(11)ی ئادارەوە تۆڵەیان لێ سەندرایەوە. ھەندێك بە لێدان و
ھەندێك بە كوشتن. تەنانەت لەناو شاری سلێمانیدا كاتێك چەند
كەسێك لە كەسێكیان ئەدا خەڵكی حەقیان نەبوو و ئەیانووت حەقی
لەسەرە و ئەبێ بیداتەوە.
ئەو قوتابییەی ھەڵەبجە كە بە بیانووی كاردانەوەی لەسەر قاشێك
باینجان بردبوویان بۆ ئەلبانەكە و ویستبوویان بیكوژن دوای
(11)ی ئادار چەند خزمێكی لە ھەڵەبجەوە دێنت بۆ سلێمانی و ڕۆژێك
ئەو قوتابییە لە مەیدانی سەوزە فرۆشەكان ئەبینن. ئەو كاتە
مەیدانی سەوزە فرۆشەكان لە زستاندا پڕ ئەبوو لە قوڕ و چڵپاو.
لەناو ئەو مەیدانەدا ئەیگرن و ئەیدەنە بەر كلكە دەمانچە و ھەموو
سەروچاو و گیانی ئەشكێنن و ئەیخەنە ناو قوڕ و چڵپاوەكەوە و
بەجێی ئەھێڵن و ڕوو بە ڕووی خەڵكەكە ئەڵێن ئەمە حەقی لەسەرە.
بەیانی
(11)ی ئادار دەرچوو بوو و ھێشتا قوتابیان نەگەیشتبوونە پشووی ھاوین.
ھەندێك لە قوتابییە جەلالییەكان ئەوانەی ئەشكەنجە و ئازاری
خەڵكیان دابوو قوتابخانەیان بەجێھێشت و خۆیان شاردەوە. شەوێك
كە من دووبارە میوان بووم لای برادەرێكی خۆم لە بەشی ناوخۆ،
یەكێك لە پەنجەرەی ڕەدھەكەی ئەودیو ئێمەی دا و ھەستمان كرد
كەسێكیان بردە دەرەوە. ئیتر ئێمە سەرگەرمی وەزیفەی خۆمان بووین
و لەپڕ ئەو قوتابیە ھاتەوە ناو قاعەكە و بینیمان ھەموو لەشی
تۆزاوی بووە و زۆر ماندوو بووە. بە دەم ڕێگاوە ھەر ھەڕەشەی
ئەكرد و ئەیووت تۆ بڵێێی جارێكی دیكە ڕۆژمان نەیەتەوە. وادیار
بوو تۆڵەیان لێ سەندبووەوە و، یەكێتی قوتابیانی مەلاییەكان كە
ڕۆڵیان ھاتبووەوە لێیان دابووەوە.
لە
بەشی داھاتوودا باسی چوونە پەیمانگەی كشتوكاڵی ئەكەم لە بەغداد |