|
بیرەوەرییەكانم...بەشی
(4)
(4/1/2010)
پێش ئەوەی بێمە سەر
باسی چوونم بۆ بەغداد و دەستكردن بە خوێندن لەوێ، حەز ئەكەم باسی
ھەندێك لە كاروكردەوەكانی جەلالییەكان بكەم. ڕۆژێك كاتی نێوەڕۆ بوو لە سەر سەدەكەی مەجیدبەگ بووم، خزمێكی خۆمانم بینی كە
لە لای جادەكەی چوارتاوە بەرەو ناو ماڵەكانی مەجیدبەگ بەسەر سەدەكەدا ئەھات. كە
نزیك بووەوە بینیم
زۆر ماندوو و تۆزاوی بوو. ووتی: "لە قەیوانەوە تا ئێرە ھەر ڕام كردووە". ووتم: "خێرە وا تۆزاوی؟".
ووتی: "شكاوین و مەلاییەكان ھەموو بەرزاییەكانی قەیوانیان لێ سەندینەوە و، چەكەكانیشمان
بەجێ ماوە". دواییتر لە گەڵ باوكم چووین بۆ ماڵەوە بۆ لای و ڕووداوەكەی بە دوورودرێژی
بۆ گێڕاینەوە و ووتی: "دوێنێ ئێمە لە
بەرزایی شاخی قەیوانە گەورە بووین و، فیشەكمان ئەگەیشتە مەلاییەكان لە قوتەی قەیوانە
بچووك. فیشەكی مەلاییەكانیش زۆر لە خوار ئێمەوە ئەتەقینەوە. بەیانی ئەمڕۆ لە گەڵ
فەجردا بینیمان فیشەكی مەلاییەكان لە پشت سەنگەرەكانی ئێمەوە ئەتەقینەوە. ئیتر بۆمان
دەركەوت كە مەلاییەكان تفەنگی نوێیان بۆ ھاتووە. ھێندەی پێنەچوو كە ھێرشیان كردە
سەرمان و شكاندیانین".
لەو ڕۆژانەدا
كە جەلالییەكان دەستیان كرد بە شكان، دەنگۆیەك لە ناو خەڵكدا
بڵاو بووەوە كە مەلاییەكان لە گەڵ ئێران ڕێكەوتنیان كردووە و
بڕنەوی درێژی ژمارە (17)یان بۆ ھاتووە. ھاتنی ئەو جۆرە تفەنگانە
ھۆكارێك بوو بۆ ئەوەی مەلاییەكان ووردە
ووردە ناوچەكانی خۆیان لە بن
دەستی جەلالییەكان دەربھێننەوە. ئەو سەركەوتنە بەسەر جەلالییەكاندا
كارێكی وای كرد كە ڕژێمی بەغداد بیر لە ڕێكەوتن بكاتەوە لە گەڵ
مەلاییەكان. لەبەر ئەوە ھێندەی پێنەچوو كە ڕێكەوتننامەی ئاداری
ساڵی (1970) لە نێوان مەلاییەكان و ڕژێمدا مۆر كرا.
جەلالییەكان
لە ماوەی چوار ساڵدا (1966) تا مانگی (3)ی ساڵی (1970) لە لایەنی
سەربازییەوە ھێندە بەھێز بوو بوون كە تەنگیان بە مەلاییەكان بە
تەواوی ھەڵچنیبوو و، زۆر ناوچەی كوردستانی عێراقیان لە دەست سەندبوون
و، مەلاییەكان تەنھا پشتێنێك خاكی سەر سنووری نێوان كوردستانی
ڕۆژھەڵات و كوردستانی باشوریان بە دەستەوە مابوو. لە لایەنی
ئیداری ناوشارەكان و یاسا و فەرمانگەكانی دەوڵەت، جەلالییەكان
دەسەڵاتیان بەسەر ھەموویاندا ھەبوو و، خۆیان سەروەر بوون. لە
سەردەمی ئەواندا پۆلیس ھیچ ڕێزێكی نەبوو و پێیان ئەووتن (حەیتە)
و، بە پۆلیسی ھاتووچۆیان ئەووت (حەیتەی ماخۆلان). دەسەڵاتی
بەكرەجۆ لە سەرو دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بوو و، ھەركەسێكیان
بویستایە لە شارەكانی كوردستانەوە ئەیانبرد و لەوێ بە یاسای خۆیان
دادگاییان ئەكرد.
ئێمە خزمێكمان
ھەبوو كچێكی خۆی دابوو بە كوڕێكی قەڵادزەیی، بەڵام خزمێكی دیكەمان
دیار بوو پێشتر بە تەمای ئەوەبوون كە ئەو كچەیان بداتێ و،
مەسەلەكە ڕێك نەكەوتبوو و، بووە ھەڕەشە و ھەڕەشەكاری. باوكی كچەكە
پێی وابوو كە سەرچاوەی تەگبیرەكان باوكی من بوو و، چووبوو لە
بەكرەجۆ شكاتی لە باوكم كردبوو.
باوكیشم پۆلیس بوو، بەڵام ڕۆژێك بسوڵەیەكی
بۆ ھات و داوای لێكرابوو كە بچێت بۆ بەكرەجۆ. من بسوڵەكەم
نەبینی، بەڵام ئاگادار بووم كە چوو بۆ بەكرەجۆ و، پێش ڕۆیشتنی
دایكمی ئاگادار كردەوە كە لەوێ بانگ كراوە. كاتێك باوكم ئەچێت
بۆ بەكرەجۆ لەوێ تێ ئەگات كە مەسەلەكە حیزبایەتی نییە و، كێشەی
خزمایەتییە. ھەر ئەو رۆژە باوكم ھاتەوە و بۆی گێڕاینەوە كە
سوكە لێپرسینەوەیەكیان لە گەڵ كردبوو.
بێگاری جەلالییەكان
لەو سەردەمەدا
ئوتومۆبێل ھێندەی ئەمڕۆ
لە سلێمانی زۆر نەبوو و، ئەوەی كە ھەبوو زیاتر پیكابی
(GMC)ی بوو. ئەو جۆرە
ئوتومۆبێلانە
زیاتر ھاتووچۆی نێوان شار و گوندەكانیان ئەكرد. چەكدارەكانی جەلالییەكان
فێربوو بوون
كە لە گوندێكی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە ئەھاتن بۆ ناو
شارەكان، یان بە پێچەوانەوە لە شارەكانەوە ئەچوونەوە بۆ
گوندەكان، سواری ئەو پێكابانە ئەبوون و كە ئەگەیشتنە شوێنی خۆیان
بە شۆفێرەكەیان ئەووت (سوپاس) و، یەك فلسیان نەئەدانێ. وای لێھاتبوو شۆفێرەكان و خەڵكی سادەش ئەیانووت: (باشە سوپاس بت دەین
بەچی؟ بت دەین بە بەنزین، بە نان بۆ منداڵەكانمان، بە جل وبەرگ
بۆ خۆمان، بە جگەرە، بە ھەقی فیتەر،
بەچی؟). شۆفێرێك ئەگەر بۆ ھەقەكەی خۆی كەمێك مینجە مینجی لە
گەڵ بكردنایە لێشیان ئەدا.
دیاردەیەكی
لە ھەموو دیاردەكان دزێوتر ئەوەبوو كە بەزۆر كچیان لە باوك و
دایكەكەیان ئەستان. جەكدارێك
یان كادیرێك ئەگەر ھەر چاوی بە كچێك بكەوتایەوە
و حەزی لێبكردایە، ئەینارد بۆ خوازبێنی و، ئەگەر ڕازی نەبوونایە
بە ھەڕەشە و گوڕەشە و بە زۆری چەك مارەیان ئەكرد و كەسیش بۆی
نەبوو قسە بكات. جارێك لە ساڵی ھەشتاكاندا لە بازیان باسی ئەو
مەسەلەیەم كرد لەناو كۆمەڵێك لەو كەسانەی ڕۆژانە لە نێوان سلێمانی
و بازیاندا ھاتووچۆمان ئەكرد، یەكێك ووتی: وەڵا من كاتی خۆی جەلالی
بووم و، خێزانەكەم بەو جۆرە ھێناوە
و، كێشەمان نەبووە و منداڵیشمان ھەیە.
چوونی مام
جەلال بۆ كەلار
من لە نزیكەوە
ئاگاداری ئەم مەسەلەیە نەبووم كە ئێستا باسی ئەكەم ،
بەڵام لە دەمی
خەڵكی دیكەوە بیستبووم. ئەیانووت لە كەلار ئەفسەرێكی سوپای
عێراق ھەبوو ڕۆژانە كە ئەھاتە ناو شارەكە تەعدای لە خەڵكەكەی
ئەكرد و بۆ چاوشكاندنی میللەتەكەی لەناو بازاڕدا لە خەڵكی ئەدا.
خەڵكی كەلار ھاتبوون بۆ بەكرەجۆ و لای مام جەلال شكاتیان
كردبوو. ئەویش ڕۆژێك چەكدارێكی زۆر لە گەڵ خۆی ئەبات و، لە
ناوشار تووشی ئەبێت بە تووش ئەفسەرەكەوە و بێ سێ و دوو ئەیداتە
بەر شەق و زللە و، ئەڵێ سبەی لێرە نەتبینمەوە. ئیتر حكومەتی
عێراق ئەفسەرەكە لەوێ ئەگوێزێتەوە و،
یەكێك لەو ھۆكارانەی كە مام جەلال و یەكێتی
ئەمڕۆ جەماوەرێتینا لە گەرمیان بەھێزە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕووداوە.
كۆڵوانە سور
لە شەڕەكانی
نێوان جەلالی و مەلاییەكاندا ھەمیشە چەكدارەكانی جەلالییەكان
لەپێش سەربازەكانی عێراقەوە ھێرشیان ئەكرد و، پێش ھێرشەكە سوپای
عێراق بە فڕۆكە و تۆپ لەو جێیانەی ئەدا كە مەلاییەكانی پێوەبوو
و، ھێرشیان بۆ ئەكرد. زۆر جار فڕۆكەكانی ڕژێم چەكداری ھەردوولایان
بۆ جیانەئەكرانەوە و بە ھەڵە لە جەلالییەكانیشیان ئەدا. لەبەر
ئەوە حكومەت پێشنیاری كردبوو كە چەكدارەكانی جەلالییەكان پارچە
قوماشێكی سور ببەستن بە پشتی شانیانەوە
بۆ ئەوەی فڕۆكەوانەكان
لە ئاسمانەوە بیانناسنەوە و دەستیان لێ بپارێزن. ڕادیۆی مەلاییەكان
بۆ گاڵتە پێكردن ڕۆژی چەندجارێك گۆرانییەكەی برایانی زیزییان
بڵاو ئەكردەوە كە ئەیووت: (كۆڵوانە سور تۆبە بێت...).
عومەر عەرەب
عومەر عەرەب
كە لە ناوەندی یەكەمی ساڵی ھەشتاكاندا ڕۆڵێكی ئازایانەی ھەبوو
و، مانگی چەند جارێك بە خۆیی و مەفرەزەكەیەوە ئەھاتە ناو شاری
سلێمانی و چالاكی لە ڕیزی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ئەكرد،
خوشكەزای باوكمە. مام حەسەنی باوكی
عومەر عەرەب پۆلیس بوو و بە ماڵەوە لە
باشوری عێراق بوو. باوكی ئەو (واتە مێردەكەی پورم) زۆر مام جەلالی
خۆش ئەویست و، لە بەكرەجۆ بوو. لە كاتی جیابوونەوەی مام جەلال
لە پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی مەلا مستەفادا و چوونی بۆ
ئێران و بردنیان بۆ ئوردوگای (ھەمەدان) ئەویش چووبوو. مام جەلال،
وەك ئەڵێن، ڕوح و گیانی بوو. ڕۆژێك چوو بوو بۆ لای مام جەلال و
داوای لێكردبوو كە كوڕەكەی (باوكی عومەر عەرەب) لە باشورەوە بۆ
بێنێتەوە بۆ سلێمانی. مام جەلالیش ئەو كارەی بۆ كردبوو و، مام
حەسەن بە ماڵ و منداڵەوە ھاتنەوە بۆ سلێمانی. كوڕەكانی زمانی
كوردییان نەئەزانی و، لەبەر ئەوەی
عومەریش كەمێك (ئەسمەر) بوو ھەر زوو
نازناوی (عومەر عەرەب)ی
لێنرا و، لە كاتی پێشمەرگایەتی و جاشایەتی دواییتریدا و تا كوژرانیشی
ھەر بەو نازناوە بانگ ئەكرا.
شەوانی ساڵەكانی ڕێكەوتننامەی ئادار
دوای ئەوەی بەیاننامەی (11)ی ئاداری ساڵی (1970) دەرچوو لە ھەموو
گەڕەكەكانی سلێمانی بووە شایی و ھەڵپەڕكێی و ئاھەنگ گێڕان، بە
تایبەتی لە ساڵی (1971)دا. لە یادی یەكەمی ڕێكەوتننامەكەدا ھەموو
ماڵێك گڵۆپێكی ھێنابووە بەردەرگا و ھەر ھیچ نەبوایە خێزانەكە
بە تەنھا خۆیان ھەڵئەپەڕین. لە ھەندێك گەڕەك شەوانە تا بەیانی
ھەڵپەڕكێ و ئاھەنگ گێڕان بوو و، وێنەی مەلا مستەفای بارزانی لە
ھەموو ماڵێك ھەڵواسرا و، دروشمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە سەر پارچە قوماش ئەنووسران و لە كۆڵانەكاندا ھەڵئەواسران.
لە
ساڵی دووەمی ڕێكەوتننامەكەوە خەڵكی عەرەب لە ناوەند و باشوری
عێراقەوە ڕوویان ئەكردە سلێمانی و ھەولێر و دھۆك و ھاوینەھەوارەكانی
كوردستان. وای لێھاتبوو ئەو خەڵكە لە ئوتێلەكان جێگایان نەئەبووەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێی تەنزیم و ڕێكخراوەكانی لاوان
و قوتابیانەوە قوتابخانەكانیان كردبووە شوێنی خەوتن و
حەوانەوەی ڕۆژی ئەو خەڵكە عەرەبەی كە ڕوویان كردبووە كوردستان.
ئێمەش كە لاو بووین حەزمان بە خۆدەرخستن ئەكرد. ئەوانەی لە
ئێمە بە تەمەنتر بوون ئێمەیان بۆ كاروبارەكان ھەڵئەسوڕاند و،
مەرجیش نەبوو كە ھەموومان پارتی بین، بەڵكو كوڕانی گەڕەك بووین.
ئێمەش لە ماڵەكان نان و ئاو و پێخەفمان كۆئەكردەوە و لە پۆلی
قوتابخانەكاندا جێگامان بۆ میوانەكان چاك ئەكرد. ئەوەی جێگای
داخ بوو ئەوەبوو كە ئێمە عەرەبیمان نەئەزانی و نەما ئەتوانی گفتوگۆ
لە گەڵ ئەو خەڵكە عەرەبە بكەین كە ھاتبوون. لەو یەك دوو ساڵەدا
ناسیاوەتی باش لە نێوان كورد و عەرەبدا پەیدا بوو و، كار
گەیشتە ئەوەی ژن و ژنخواز لە نێواندا دروست ببێت.
خوێندن لە
بەغداد
لە ئامادەیی كشتوكاڵی
بەكرەجۆ لە سلێمانی دەرچووی دووەمی بەكالۆریا بووم. ساڵی پێشتر (10) قوتابی
دەرچووانی یەكەمی ئامادەیی كشتوكاڵیان لە كۆلیژی كشتوكاڵ وەرگرتبوو، بەڵام ئەو ساڵەی
ئێمە ئامادەییمان تەواو كرد ئەو سیستمە نەما و، بە ناچاری ڕوومان كردە پەیمانگەی
كشتوكاڵیی لە بەغداد. كێشەی من ئەوەبوو كە باوكم حەزی نەئەكرد بچم بۆ بەغداد و لەوێ
خوێندنەكەم تەواو بكەم. ئەو حەزی ئەكرد ھەوڵی پەیداكردنی وەزیفەیەك بدەم و ژن بێنم.
لە ڕاستیدا باوكم كارتێكردنی پورم و خوشكەزاكانی خۆی بەسەرەوە بوو. ئەوان تەگبیرێكی
دیكەیان كردبوو و ئەیانویست خزمایەتییەكەمان پتەوتر بێت
و باوكم خوشكە گەورەكەمانیان بداتێ و، منیش
و دایكم حەزمان بەو كارە نەبوو و، خودی خۆم حەزم ئەكرد زیاتر بخوێنم.
لە كۆتایی
قوتابخانەی ناوەندی و ساڵی یەكەمی ئامادەیی كشتوكاڵیم لە
بەكرەجۆ باوكم ھەوڵێكی دابوو
كە بە (وەرەقەی) جەلالییەكان ببم بە
مفوەزی پۆلیس لە سلێمانی، بەڵام من توانیم قەناعەتی پێبكەم كە
باشتر وایە خوێندنەكەم تەواو بكەم و، باروزروف ھەمیشە لە گۆڕاندایە.
جەمالی عەلی باپیر كە لە سەرەتای شۆڕشی نوێدا بە ڕابەرایەتی
یەكێتی نیشتمانی
كوردستان لە شەڕی ناوخۆدا كوژرا، یەكێك
بوو لەوانەی لەو
سەردەمەدا بە
وەرەقەی جەلالییەكان بووبوو بە مفوەزی
پۆلیس. ئەگەر منیش بە قسەی باوكم
بكردایە لە گەڵ ئەو ئەبووم بە مفوەزی پۆلیس،
بە تایبەتی كە باوكم باوكی جەمالی باش ئەناسی.
بەھەرحاڵ، لە كۆتاییدا
باوكم ڕازی بوو كە بچم بۆ بەغدادا و لە پەیمانگەی كشتوكاڵ بخوێنم. پەیمانگەی كشتوكاڵ
لە ناوچەی ئەبوغرێب لە نزیك كۆلیژی كشتوكاڵی بەغداد بوو. ھەموو قوتابییەك مانگی
(10) دیناری عێراقی ئەو كاتەی ھەبوو. ئەو دە دینارە بەشی خواردنی ڕۆژانە و
جل و
بەرگ و سەردانەوەی سلێمانیشی ئەكرد. لە پەیمانگەش و لە كۆلیژیش چێشتخانە ھەبوو و،
لەوێ بە نرخێكی ھەرزان بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە نانمان ئەخوارد و، ھەفتانەش ئەچووین
بۆ ناو شاری بەغداد و ئەگەڕاینەوە. ئەو پارەیە قەرزی بێ سو بوو لەسەرمان و، ئەبو
دوای دوو ساڵ لە تەعین بوون
دەست بكەین بە دانەوەی بە خەزێنەی دەوڵەت.
چوون بۆ بەغداد بۆ جاری
یەكەم
بە تەواوی بیرم
نایەتەوە كە چەند قوتابی بووین پێكەوە لە سلێمانییەوە چووین بۆ بەغداد، بەڵام پێم وابێت
پێنج كەسێك ئەبووین. برادەرێكی خۆمان كە خەڵكی كەركوك بوو لە گەڵ ئێمە ھاتبوو.
ئەوانەی سلێمانی عەرەبیمان نەئەزانی یان ئەو عەرەبیەی ئەمانزانی
عەرەبی كتێب بوو.
ئەو كاتەی گەیشتینە بەغداد شەو بوو و، یەكێك لەوانەی خەڵكی سلێمانی
بوو و كاتی خۆی لە گەڵ
باوكی چەند جارێك چووبوو بۆ
موسڵ و بەغداد
و ئوتێلەكانی شەقامی جەمھوری و لای چاخانەی
كیندی شارەزا بوو. لە گەراجەكەی نەھزەوە بە پێ و بە جانتاكانمانەوە چووین بۆ شەقامی
جەمھوری. ئەو قوتابییەی سلێمانی كە پێشتر لە گەڵ باوكی چووبوو بۆ بەغداد بووە ڕیش
سپیمان و سەر ئەكەوتە سەرەوە بۆ ئوتێلەكان و پرسیاری جێگەی خەوی بۆ ئەكردین و ئێمەش
لە خوارەوە چاوەڕێمان ئەكرد. چەند
ئوتێلێكی كرد و ھیچی دەست نەكەوت. ئەو برادەرەمان
كە خەڵكی كەركوك بوو
بە دوایدا سەركەوتە سەرەوە بۆ ئوتێلەكە و، پێش ئەو بە پێكەنینەوە ھاتەوە خوارەوە
ووتی: "بڕوا بكەن تا بەیانی بگەڕێن لە ئوتێلەكانی ئەم
بەغدایە شوێنتان دەست ناكەوێ. كاكە ئەم برایەمان بە پرسگای
ئوتێلەكە ئەڵێ (ئەكو
فندق للایجار؟) واتە: ئوتێلتان ھەیە بۆ كرێ؟ ووتی: "بابە ئەمە ئەیەوێ ھەموو ئوتێلەكەمان
بۆ بەكرێ بگرێت نەك ژوورێك یان دوو ژوور". دوای ئەوە ئیتر ئەومان كردە ڕیش سپی خۆمان
و ھێندەی پێنەچوو جێمان دەست كەوت.
رۆژی دواییتر چووین بۆ
پەیمانگەی كشتوكاڵ و ناومان نووسرا و كەلوپەلی ناوخۆی قوتابیانمان وەرگرت و لە بەشی
ناوخۆ ژوورمان وەرگرت. لەو كۆمەڵە قوتابییەی پێكەوە بووین تەنھا دوو كەسمان نوێژمان
ئەكرد. من و قوتابییەكی دیكە ناوی سالار بوو و خەڵكی سورداش بوو. لە رۆژانی یەكەمی
خوێندندا بە حوكمی نوێژكردن ناسیاویم لە گەڵ چەند قوتابییەكی دیكە
پەیدا كرد، لەوانە دووانی
خەڵكی ھەڵەبجە كە لە پۆلی دووەم بوون و، یەكێكی دیكەی خەڵكی لای كەركوكیش كە وەك
ئێمە لە پۆلی یەكەم وەرگیرابوو.
ئەو دوو برایەی خەڵكی
ھەڵەبجە یەكێكیان ناوی عەبدولقادر بوو و
ئەوی دیكەیان ناوی كاك عوسمان بوو، ھەردووكیان پێیان ووتم كە ئەگەر پرسیارێك
یان پێویستییەكم ھەبوو بەوان بڵێم. كە مانگی ڕەمەزانیش نزیك بووەوە ووتیان خەمت نەبێت
ئێمە كاتەكان ئەزانین و تا تۆش شارەزا ئەبیت دێین بۆ پارشێو ھەڵت ئەستێنین و خۆشمان
خواردن دروست ئەكەین. بەڵام ئەو قوتابییە كوردەی خەڵكی لای كەركوك
بوو ھەستم ئەكرد
قوتابییە نوێژكەرەكان خۆیان
لێ دوورەپەرێز ئەگرت و، ئەیانووت كە پیاوی دەوڵەتە و
زانیاری كۆئەكاتەوە. ئەویش زۆر بێزاركەر بوو و ھەمیشە خەریكی چەلەحانی بوو. خۆی ھەمیشە
سەری سفر ئەكرد و، لە گەڵ منیش گەیانبوویە مریشكە ڕەشە كە بۆچی ئەوەندە قژم درێژ كردووە و، لاجانگیشم ھێشتۆتەوە
و نوێژیش ئەكەم. ڕۆژێك پێی ووتم: "باشە لەبری ئەوەی ھەموو بەیانییەك
تۆ چارەكێك بۆ قژداھێنان و خۆڕازاندنەوە بەكاردێنی، كارێك بۆ میللەتەكەت بكەیت
باشتر نییە؟ قوتابییەكانی
دیكەشی بەم ووشانە بێزار كردبوو بۆیە لێی دوور كەوتبوونەوە.
پێشنیاری كاركردن لە یەكێتی
قوتابیانی كوردستاندا
ژمارەی ئەو
قوتابیانەی لە سلێمانییەوە چووبووین بۆ پەیمانگەی كشتوكاڵی بەغداد
نزیكەی (9) كەس بووین و، زۆریان كاتی خۆی جەلالی بوون و لە گەڵ
دەرچوونی بەیانی یانزەی ئاداری (1970) و كەوتنی جەلالییەكان
ببوونە مەلایی و نامەیان لە پارتییەوە ھێنابوو كە سەر بە یەكێتی
قوتابیانی كوردستانن. دوای نزیكەی (3) مانگێك ڕۆژێك كوڕێك بە
ناوی (محمد عەمادی) كە قوتابی پۆلی دووەم بوو، لە باخچەكەی
نێوان بەشی ناوخۆ و بەشی خوێندن پێكەوە دانیشتین و گفتوگۆیەكی
تا ڕادەیەك دوور و درێژمان كرد. كاك محمد ووتی: "كاك خالد تۆ
دەزانی ئەوە سێ مانگێكە خوێندن دەستی پێكردووە و جەنابت شوێنت
بەتاڵە و، برادەرانی دیكەی سلێمانی نامەیان ھێناوە كە تەنزیمین".
ووتم: "كاك محمد من بۆ خوێندن ھاتووم و، جارێ بۆ من زووە
سەرگەرمی سیاسەت بم. بەڵام بڕیارم داوە تا بتوانم خزمەت بە
میللەتەكەم بكەم و خیانەتی لێ نەكەم. ھەرچییەكیش بە من كرا
ئامادەم ھاوكاریتان بكەم". ھەرچەند ھەوڵی دا من ھەر ئەو وەڵامەم
ھەبوو. دوایی كە زانی ھیچی دەست ناكەوێت، داوای لێبوردنی كرد
و، بە زەردەخەنەیەكەوە ووتی: "كاك خالد من لە جەنابت نائومێد
نیم و، پێشم وایە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە ڕیزی
یەكێتی قوتابیاندا ئەتبینم".
پێشنیاری
كاركردن لە دەزگای پاراستندا
دوای ماوەیەك
لە پێشنیارەكەی محمد عەمادی قوتابییەكی خەڵكی كەركوك ڕۆژێك لە
كاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا بە گوێیدا چرپاندنم كە دوای
نانخواردن كەمێك پێكەوە دانیشین. ھەر لە باخچەكەی نێوان بەشی
ناوخۆ و بەشی خوێندن دانیشتین و، گفتوگۆیەكی لەسەرخۆمان كرد.
ئەو زۆر باسی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕش و مافی نەتەوایەتی
و دەوڵەت و كوردستانی گەورەی كرد و، كۆتایی باسەكانی بە بانگھێشتنم
ھێنا بۆ كاركردن لە ڕیزەكانی پارتی و، دەزگای پاراستندا. لە
ئاست كاركردن لە ڕیزەكانی دەزگای پاراستندا ھەڵوێستەیەكم كرد و
پێمووت: "كاركردن لە دەزگای موخابەراتیدا مانای نووسنی ڕاپۆرتە
لەسەر ئەم و ئەو و مل شكاندنی خەڵكییە".
پێش ئەوەی
باسی ڕۆڵی پاراستنم بۆ بكات پێمووت: " ھۆكاری چییە من دەستنیشان
كراووم بۆ كاركردن لە دەزگای پاراستندا؟". ووتی: " ھەڤاڵانی پارتی
لە پەیمانگە سەرنجی جەنابتیان داوە كە كەسێكی بێدەنگ و لەسەرخۆیت
و كەسایەتییەكی دەتوانی بە ئاسانی بچیتە ناو كۆمەڵانی خەڵكەوە
و لەو ڕێیەوە خزمەت بە شۆڕش و میللەت بكەیت. ھەروەھا جەنابت
خەڵكی سلێمانی شاری سیاسەت و ھەڵمەت و قوربانیت". بەھەرحاڵ، پێشنیارەكەیم
بە شێوەیەكی دیپلۆماسیانە ڕەت كردەوە و داوای لێبوردنم لێكرد كە
ناتوانم كاری وا بكەم. بەڵام كارێكی واشم نەكرد كە لە قوتابییەكانی
دیكە داببڕێم و، نە لە دوور و نە لە نزیك حەزم بە پەیوەندی لە
گەڵ (ئیتحاد وەتەنی قوتابیانی عێراق)ی بەعسییەكان نەئەكرد و، بۆ
ھیچ كارێك ڕووم تێنەكردن.
خوێندنەوەی
ڕۆژنامەكان
ھەندێك
قوتابی كوردمان ھەبوو ماڵیان لە بەغداد بوو و ڕۆژانە ڕۆژنامەكانیان
لە گەڵ خۆیان ئەھێنا. پێش ئەوەی بچینە ژوورەكانی خوێندن
ڕۆژنامەی (برایەتی) و (الثورة)مان
ئەخوێندەوە. یەكەمیان پارتی دیموكراتی كوردستان دەری ئەكرد و،
دووەمیان حیزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیست دەری ئەكرد. لە ساڵی
دووەمی ڕێكەوتننامەی یانزەی ئادارەوە پیلانگێڕان دەستی پێكرد
و، لەو ڕۆژنامانەدا ڕۆژانە ھەواڵی ڕفاندنی خەڵكی كوردمان لە بەغداد
و شارەكانی دیكەوە ئەخوێندەوە كە دوای كوشتنیان لە نزیك شار و
شارۆچكەكانی باشوری عێراق تەرمەكانیان ئەدۆزرانەوە. یەكێك لەو
شارۆچكانەی كە زۆرجار تەرمی كوردیان لێ ئەدۆزرایەوە شارۆچكەی
(سوق الشیوخ) بوو.
نانخواردنی
دەستەجەمعی
ئێمە
دەستەیەك قوتابی بووین كە زیاتر پێكەوە ئەگەڕاین و پێكەوە دائەبەزین
بۆ بەغداد و، تەنانەت ڕۆژانە پێكەوە نانی نیوەڕۆمان ئەخوارد.
ئەوەندی لەو بارەیەوە بیرم دێت ئەوەبوو چەند كەسێكمان
پێكەوە ئەچووین و
ھەر یەكەمان جۆرێك چێشتی شلەمان لە گەڵ برنج ئەھێنا و لەسەر
مێزەكان ڕیزمان ئەكرد. ئیتر ھەر یەكەمان لەو شلەیەی ئەخوارد كە
حەزی لێی بوو. جار ھەبوو یەكێك حەزی لە جۆرێك شلە نەبوو، بەڵام
ھەر ئەبوو داوای بكات. ئەو كەسە ئەیتوانی لەو چێشتە شلانە
بخوات كە ئەوانی دیكە ئەیانھێنا.
انت من لحمی
و دمی (تۆ لە گۆشت و خوێنی منی)
كوڕێكی
خەڵكی سلێمانی
لە پۆلی دووەمی پەیمانگە بوو و گەڕی لە كچێكی كوردی بەغداد ئاڵاندبوو
و كچەكەش حەزی لە كوڕێكی عەرەبی بەغدادی ئەكرد. ھەردووكیان
قوتابی كۆلیژی كشتوكاڵ بوون و ھیچ پەیوەندییەكیان بە ئێمە و
پەیمانگەی ئێمەوە نەبوو و، تەنانەت كچەكە كوردیشی نەئەزانی.
كۆلیژ و پەیمانگە لە یەكەوە نزیك بوون و، ھەریەكەیان چێشتخانەی
خۆیان ھەبوو و، قوتابی كۆلیژ و پەیمانگە ئازاد بوون لە كامیان
نان بخۆن. ڕۆژێك قوتابییەكی عەرەبی كۆلیژی كشتوكاڵ ھەواڵی بۆ
ھێناین و ووتی: " بڕۆن ھاوڕێكەتان لە چێشتخانەكەی كۆلیژ
بێننەوە. ھەرای ناوەتەوە و ھەڕەشەی كوشتنی لە عەرەبێك كردووە".
كاتێك چووین بینیمان وا كوڕەكە و كچەكەی لە قوژبنێك خزاندووە و
ڕووی كردۆتە كوڕەكە و پێی ئەڵێ مەگەر لەم چێشتخانەیە نەیەیتە
دەرەوە، ھەر ئەتكوژم. كوڕەكەش ڕەنگی زەرد ھەڵگەڕابوو و نەیئەزانی
چی بكات. بەڵام كە ئێمەی بینی كەمێك ترسەكەی ڕەویەوە. قوتابییەكەی
خەڵكی سلێمانیش ھەر كە ڕووی ئەكردە كچەكە بە عەرەبی پێی ئەووت:
" انت من لحمی و دمی. واتە تۆ لە گۆشت و خوێنی منی، چۆن ئەبێ
حەز لە عەرەبیك بكەیت. ئێمەش پێمان ووت بابە گیان ئەو كچە حەز
لە تۆ ناكات و حەز لەو كوڕە ئەكات. ئەویش ووتی: "من مەبەستم
ئەوە نییە و، نامەوێت حەزم لێبكات. من پێم ناخۆشە كچێكی كورد
حەز لە كوڕێكی عەرەب بكات". كوردایەتیەكەی
زۆر بەھێز بوو.
ئەڵقەڕێزە و
دوولایی
لە یەكێك
لەو جارانەی
لە سلێمانییەوە ئەگەڕامەوە بۆ بەغداد، شێخ
عەلی دوكاندار
لە گەڕەكی مەجید بەگ ڕایسپاردم ئەگەر
ئەمجارە ھاتمەوە بۆ سلێمانی ھەندێك ئەڵقەڕێزە و دوولایی دەرگای
بۆ بێنم. شێخ عەلی (بە ڕەحمەت بێت) لە گەڵ پورزایەكم تەختەبەست
بوو و، دواییتر دوكانی دارتاشی و دروست كردنی دەرگا و پەنجەرەی
تەختەی لە گەڕەكی مەجیدبەگ دانابوو.
پێش گەڕانەوەم
لە بەغدادەوە بۆ سلێمانی چووم لە ناو بەغداد ژمارەیەكی زۆرم
ئەڵقەڕێزە و دوولای و بزمار و ھەندێك شتی دیكەی پێویست بۆ كڕی.
وەك پێشتر ووتم ئێمە قوتابیانی پەیمانگەی كشتوكاڵ مانگانە (10)
دیناری عێراقیمان ھەبوو.
ئەو مانگە ھەندێك پارەم جەرج كردبوو و، دیاری بچووكیشم بۆ
ماڵەوە كڕیبوو و، ھاوكات ئەو شتانەی بۆ شێخ عەلیم كڕیبوو بایی
نزیكەی (6) دینار بوو.
لە گەراجەكەی نەھزەی
بەغداد پارەی پاسی نێوان بەغداد
و سلێمانیم دا
و نزیكەی (750) فلسم پێمابوو. ئەو ڕۆژە بۆ لای
ئێوارە گەیشتینە خاڵی پشكنینی كەركوك - سلێمانی. ئەو ڕۆژە
بەفرێكی زۆر باریبوو و، تا ئەو خاڵی پشكنینەش ھاتبوو و، ڕێگای
كەركوك سلێمانی بڕابوو. ھەموو خەڵكەكەیان گێرایەوە بۆ ناو كەركوك
و، شۆفێری پاسەكە عەرەب بوو و ووتی منیش ئەمشەو لە كەركوك
ئەمێنمەوە و بەیانی ئەتانبەم بۆ سلێمانی. لە ناو كەركوك بە
جانتایەكی قورسەوە كەوتمە گەڕان بە دوای ئوتێلدا و لە ھەموو
ئوتێلێك پرسیاری كرێكەیم ئەكرد. كە بەراووردی كرێ ئوتێل و گیرفانی
خۆم و نانخواردنی عیشا و بەیانی
ڕۆژی دواییترم ئەكرد پارەكەم بەشی ئەكرد و
نەئەكرد.
ھەرچۆنێك
بوو جێگەیەكم لە ئوتێلێكی
خراپ و پیس پەیدا كرد و، پێشەكی كرێكەیم دا
و، چووم خواردنێكی سوكیشم خوارد. بۆ بەیانی بە پێ چوومەوە بۆ
ئەو مەیدانەی شۆفێرە عەرەبەكە دایبەزاندبووین. دووبارە ھەڵیگرتینەوە
و ڕوومان كردەوە خاڵی پشكنینەكە. لەوێ دەیان ئوتومۆبێل و
خەڵكێكی زۆر چاوەڕوانی ئەوەبوون كە ڕێگا بكرێتەوە. شۆفێرە
عەرەبەكە چاوەڕوانی نەكرد و بڕێك پارەی كەمی داینەوە و گەڕایەوە
بۆ بەغداد و، ئێمەش یەك یەك و دوو دوو خۆمان كرد بەو ئوتومۆبێلانەدا
كە لەوێ وەستابوون. من كۆتا كورسی پشتی جێبێكم بەركەوت. پێش
ئەوەی ڕێگا بكرێتەوە شۆفێرەكە ھات و كەوتە كۆكردنەوەی كرێكەی. منیش لەو بڕە پارە كەمەی شۆفێرە عەرەبەكە بۆی گێڕابووینەوە
ھیچی دیكەم پێ نەمابوو. چاوم ئەگێڕا بەڵكو ناسیاوێك پەیدا بێت
و كەمێك پارەی لێ قەرز بكەم. خۆ لەو جێیە كەس ئەڵقەڕێزە و
دوولایی نەئەكڕییەوە تا بیانفرۆشمەوە. خوا كردی پێش ئەوەی
شۆفێرەكە بگاتە لای من لە دوورەوە قوتابییەكی پەیمانگەی كشتوكاڵیم
بینی و لە جامەكەوە بانگم كرد. نەموێرا دابەزم چونكە شوێنەكەم
ئەگیرا. پارەكەی خۆم نیشان ئەو برادەرە دا و ووتم
كرێی ئوتومۆبێلەكەم
بۆ تەواو بكە.
ئەو ڕۆژە
گەیشتمەوە سلێمانی و بەفرێكی زۆر باریبوو و ڕەشەبای ئەھات. لە
كانێسكانەوە جانتا قورسەكەم دایەوە بە كۆڵمدا و ڕووەو ڕەشەبای
ئەزمڕ بەرەو گەڕەكی كارێزی مەجیدبەگ بە برسێتی كەوتمەڕێ. سلێمانی
ھێندە سارد بوو كە (3) ڕۆژ نەخۆش كەوتم. بەڵام وەك بەڵێنم
دابوو ئەڵقەڕێزە و دوولاییەكانم گەیاندە دەستی شێخ عەلی و پارەكەیانم
وەرگرتەوە.
تێكەڵ كردنی
برنج و ساوەری كاك سالار
كاك سالاری
برادەرمان ھەمیشە لە سلێمانییەوە ساوەر و برنج و ووشكەی دیكەی
لە گەڵ خۆی ئەھێنا و، لەو
ڕەدھەی لێی ئەخەوتین نانی بۆ خۆی
دروست ئەكرد و كەمتر ئەھاتە چێشتخانەی پەیمانگە.
(نیزامەددین)، ئەو برادەرەی
شاری كەركوكمان كە لە یەكەمجاردا ووتی (تا بەیانی بگەڕێن جێگاتان
لە ئوتێل دەست ناكەوێت)، كوڕێكی قسەخۆش و سوعبەچی بوو. ڕۆژێك
كاك سالار برنجی لێنابوو و ئاگرەكەی كز كردبوو تا برنجەكە دەم
بكێشێت. لەو كاتەدا چوو دۆلكەیەك ئاوی خواردنەوە بۆ خۆی
بێنێت. پێش ئەوەی بێتەوە، برادەرە كەركوكییەكەمان چوو لە دۆڵابەكەیدا
مشتێك ساوەری دەرھێنا و كردییە ناو برنجەكەوە و سەرەكەی داپۆشییەوە.
كاك سالار ھاتەوە و دوای كەمێك سەر قابلەمەكەی ھەڵدایەوە تا
بزانێت بە تەواوی برنجەكەی دەمی كێشاوە یان نا؟
سەیرێكی ئێمەی
كرد و مۆڕەیەكی لێكردین. ئێمەش خۆمان مت كردبوو و چاوەڕوانی
كاردانەوەیمان ئەكرد. كاك سالار بەرەو لای ئێمە ھات و، كەوتە
قسە پێووتنی برادەرە كەركوكییەكەمان و ووتی لە تۆ زیاتر كەسی
دیكە ئەو كارە ناكات. كاك سالار زۆر توڕە بوو، بەڵام تا بڵێی
دڵی باش بوو و لێبوردوو بوو، بۆیە ھەر زوو مەسەلەكە بە بێ شەڕ
كۆتایی ھات.
شەڕی كاكە و
یابە
لە سەرەتای
خوێندنی ساڵی یەكەمەوە ئێمە تووشی بۆڵە بۆڵ ھاتین لە گەڵ
قوتابییە عەرەبەكانی ڕەدھەی تەنیشتی خۆمان. ئەوان لە پۆلی دووەم
بوون و، ئەو شەوە خۆیان ئامادە ئەكرد بۆ تاقی كردنەوەی بەیانی.
ئێمە كە ھیچمان نەبوو بە دەنگی بەرز قسە و پێكەنیمان ئەكرد.
لەپڕ یەكێكیان لەودیوەوە لە پەنجەرەكەی دا و ووتی (كاكە بێدەنگ
بن). ئیتر یەك دوو برا لای ئێمە ھەڵچوون و لە پەنجەرەكەیان دایەوە
و ووتیان (یابە حەقتان نییە ئێمە بێدەنگ بكەن). ئەوان ھاتنە
دەرەوەی و ئێمەش چووینە دەرەوە و، ھێندەی نەمابوو پێكدادان ڕووبدات
كە بەڕێوەبەر ھات و ناوبژی كردین. بۆ بەیانی ھەندێك لە ئێمە و
ھەندێك لە عەرەبەكانیان گواستەوە بۆ ڕەدھەی دیكە. ئێستا نازانم
مەسەلەكە چۆنە، بەڵام لەو سەردەمەدا عەرەبەكان كوردەكانیان بە
ووشەی (كاكە) توڕە ئەكرد و، كوردەكانیش عەرەبەكانیان بە ووشەی
(یابە) توڕە ئەكرد. ئەگەر عەرەبێك بە كوردێكی بووتایە (كاكە)،
شەڕێكی گەورەی لەسەر دروست ئەبوو و، ئەگەر كوردێك بە عەرەبێكی
بووتایە (یابە)، شەڕێكی گەورەی لەسەر دروست ئەبوو.
ساڵی
دووەمی پەیمانگە و بەجێھێشتنی خوێندن |