.

 

سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له‌ نه‌رویج

SETERY LEKOLINEWEY SIASY - NORWAY

به‌رپرس: خالد ڕه‌نجده‌ر  دامه‌زراندن: (3/12/2001)

 

 
     
 

بزووتنەوەی (حەقە) چۆن دروست بوو و چۆن ھەڵوەشا؟

(7/12/2009)...لە گوندی شەدەڵەی سەر بە ناحیەی سورداش لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی ڕابوردوودا كۆمەڵێك دروست بوون ناویان (حەقە) بوو. حەقە پێش ئەوەی وەك بزاڤێكی سیاسی لە سەرەتای ھاتنی داگیركەری ئینگلیز بۆ عێراق و كوردستانی باشور بناسرێت، بزاڤێكی سوفیگەری بوو و، شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە ڕابەرایەتی ئەكرد. لە سەردەمی ئەو شێخەدا بزووتنەوەكە ناوی حەقە نەبوو. دوای مردنی شێخ عەبدولكەریم ناوی حەقەی لێنرا.

بزووتنەوەی حەقە لەسەر تەیقەتی نەقشبەندی بوون و، لەملا ئەوانیشەوە و لە گوندی گاپیڵۆنی شارباژێڕ شێخەكانی ئەو گوندە قادریی بوون و، گوندی یاخسەمر و گوێزیلێ سنووری نێوانیان بوو. ھیچكام لەو دوو تەریقەتە نەیانتوانبوو سوفی و مورید لە ناوچەی یەكتر بۆ خۆیان پەیدا بكەن. شێخەكانی گاپیلۆن خۆیان تێكەڵ بە سیاسەت نەكردبوو و، وەك بزاڤێكی سوفیگەری تا ناوەندی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو خاوەنی تەكیە بوون لە گاپیلۆن و، لە گوندەكانی دەوروپشتی خۆیان سوفی و موریدیان ھەبووە. بەڵام بزووتنەوەی حەقە ھەر لە سەردەمی شیخ عەبدولكەریمەوە چەند كەسایەتییەك ڕۆڵیان تێدا بینیووە و، دەسەڵاتی دینیی شێخیان لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا لاواز كردووە.

سۆفی و موریدەكانی شێخ عەبدولكەیم كە سەردانی تەكیەكەیان لە شەدەڵە ئەكرد، لە دەوری حەوزی تەكیەكە كۆڕی زیكریان ئەبەست. شوێنكەوتووانی تەیقەتی نەقشبەندی لە كاتی زیكر كردندا چاو ئەخەنە سەر یەك و زمانیان ئەنووسێنن بە مەڵاشوویانەوە و (اللە اللە) ئەكەن. ھەندێك لە سۆفی و موریدەكانی شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە بە مانگ لە تەكییەكە ئەمانەوە و خزمەتی تەكییەكەیان ئەكرد و، لە خزمەت شێخدا بوون.

ئیگلیز وەك ھەدنێك بزووتنەوەی شوێنەكانی دیكە ھەوڵی دابوو ئەم تەریقەتەش دەستەمۆ بكات، بەڵام شێخ عەبدولكەریم خۆی بەدوور گرتووە. ئیتر ئینگلیز كەوتۆتە سەر تاكتیكی ھەڵوەشاندنەوەی و، لە چەندین لاوە ھەوڵی داوە بیخاتە بن ڕكێفی خۆیەوە.

دوو كەسایەتی دوای شێخ عەبدولكەریم خۆی زۆر ڕۆڵیان لەناو حەقەدا بینیووە. یەكەمیان: مامە ڕەزای برای كە بە (مامە ڕەزای كەڵكەسماق) ناوی دەكردبوو و، دووەمیان: حەمە سور كە بە (حەمە سوری كڵاوقوت) ناوی دەركردبوو. بزووتنەوەی حەقە دوو ئاغای پشدەریشیان لە گەڵ كەوتبوون و، چەندین كەسایەتی موڵكداری ئەو سەردەمەشیان تێدا بوو. ھۆكاریی بوونی ئەو دوو ئاغایە لەناو حەقەدا ئەوەبوو كە حەزیان لە دوو كچی حەقە كردووە. ھەرچەندە مامە ڕەزا زیاتر لە حەمە سور ڕۆڵی لەناو بزووتنەوەی حەقەدا بینیووە، بەڵام باسی حەمە سور پێش ئەخەین.

حەمە سور خەڵكی ئەو ناوچانە نەبووە و، لە كوردستانی ڕۆژھەڵاتەوە ھاتۆتە شەدەڵە و لە تەكییەكەی شێخ عەبدولكەریمدا گیرساوەتەوە. ئەوانەی حەمە سوریان بینیبوو وتوویانە كە پیاوێكی سوروسپی چاوشین بووە. لە سەرەتاوە كۆڵكێشی تەكییە بووە و، زستانان داری بۆ تەكییەكە ھێناوە. بەڵام دوای مردنی شێخ عەبدولكەریم خۆی بە جێگری ئەو و میراتگری حەقە زانیوە.

لەو سەردەمەی حەمە سور ھاتۆتە شەدەڵە و لە تەكیەی شێخ عەبدولكەریم جێگیر بووە، خەڵكی گۆرانییەكیان بەسەر دەمەوە بووە كە پێ ئەچێت بەسەر ئەودا ھەڵدرابێت. گۆرانییەكە ئەڵێ: (كەس نازانێ من خەڵكی كوێم...خەڵكی شانەخسێ و مەروێم، وەك دەمانچە لەسەر پێم...دەستم لێ دەن دەترازێم). ئەو شانەخسێیە وەك مستەفا عەسكەری برای عەلی عەسكەری لە ساڵی (1981)دا لە كتێبەكەیدا بە ناوی (ئاوڕدانەوەیەك لە بزووتنەوەی حەقە) باسی ئەوە ئەكات كە حەمە سور لە ئالانی لای سەردەشتەوە ھاتووە. ئەوانەی شارەزای بزووتنەوە حەقە بوون ئەڵێن كە حەمە سور كورد نەبووە و، لە ڕوسیاوە ھاتووە. كاتی خۆی دەسەڵاتدارانی ڕوسیا كادیری خۆیان بۆ بڵاوكردنەوەی بیروھزری كۆمۆنیستی و دروست كردنی حیزبی شیوعی ناردۆتە دەرەوەی ڕوسیا. ئەو حەمە سورە یەكێك ئەبێت لە سێ ئەفسەری كۆمەنترۆن كە ڕوویان كردۆتە باكوری ئێران و، حەمە سور لە كوردستانەكەی بووە و، فێری زمانی كوردی بووە و، لەوێوە ھاتۆتە كوردستانی باشور و لای شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە گیرساوەتەوە.

حەمە سور وەك مستەفا عەسكەری لە كتێبەكەیدا ئەڵێ تێكەڵ بە دەروێش و موریدەكانی تەكیە بووە و، لەسەر حەوزی تەكیە لە گەڵ ئەواندا زیكری كردووە. حەمە سور جاروبارێك لەناو زیكرەكەدا وتوویەتی (شەرع نەماوە). دەروێشەكان چەند جارێك ئەو قسەیان بە شێخ عەبدولكەریم گەیاندۆتەوە. جارێك شێخ عەبدولكەریم لە كۆڵەكەی تەكیەی ئەپێچێت و لێی ئەدات و ئەڵێ: (بڵێ شەرع ماوە)، ئەویش ھەر ئەڵێ (شەرع نەماوە). ئیتر شێخ دەروێش و موریدەكانی خۆی ئاگادرا ئەكاتەوە و، ئەڵێ: (ئەمە لە ئێمە نییە). بەڵام دەری ناكات و، حەمە سور لەوێ ئەمێنێتەوە.

وەفاتی شێخ عەبدولكەریم

شەوێك شێخ عەبدولكەریم لە مزگەوت ئەگەڕێتەوە و، كە ئەگاتە بەر داڵانی ماڵەكەی خۆی تەقەی لێ ئەكەن و قاچی بریندار ئەكەن. ھەندێ ئەڵێن كە شێخ خزمێكی لە سورداش ئەفسەری پۆلیس بووە و، ئەو تفەنگی ناردووە بۆ ئەو كەسەی تەقەی لێكردووە. لەبەر ئەوە دەنگی ئەوە ھەبووە كە ئەبێی خۆیان ببنە میراتگری شێخ و بزووتنەوەی حەقە.

شێخ عەبدولكەریم دوای چەند ڕۆژێك بەو برینە وەفات ئەكات. ئیتر ئەوانەی دوای خۆی ھەر یەكەیان بانگەوازی ئەوە ئەكات كە ئەو جێنشینی شێخە و ڕابەری بزووتنەوەكەیە. زیاتر ململانێكە لە نێوان حەمە سور و مامە ڕەزا دا ئەبێت. حەمە سور كەوا و سەڵتەی لێ لەبەر ئەكات و خۆی بە جیگری شێخ لەقەڵەم ئەدات. مامە ڕەزاش بە ھەمان شێوە. ئەوانەی كە بە ڕاستی موریدی شێخ بوون ھەر لە سەر تەریقەتەكەی شێخ ئەمێننەوە و تا ساڵانێكی زۆریش وەك وەفادارییەك بۆ شێخ عەبدولكەریم سەردانی تەكییەكەی لە شەدەڵە ئەكەن. دوای بەخاك سپاردنی شێخ ھەموو كۆ ئەبنەوە و، وەسیەتنامەكەی شێخ ئەكەنەوە.

شێخ لە وەسیەتننامەكەیدا ئەڵێ: (من ئەم تەریقەتەم بە دەستاودەست لە مەولانا خالیدەوە پێگەیشتووە و، منیش كۆتا كەسم كە ئەو تەریقەتەم لە دەستدایە. ئیتر دوای من كەسی دیكە بۆی نییە ڕابەرایەتی ئەم تەیقەتە بكات). ئیتر ئەم وەسیەتننامەیە مامە ڕەزا و حەمە سور و ئەوانی دیكە بێبەش ئەكات لە ڕابەرایەتی و، كەس ناتوانێت ئیددعای ڕابەرایەتی ھەموو كۆمەڵەكە بكات. لەبەر ئەوە ھێندەی پێناچێت كە كۆمەڵەكە لێك ئەترازێت و ھەر كەسە باڵێك بۆ خۆی دروست ئەكات. مامە ڕەزا بە خۆی و شوێنكەوتووەكانییەوە ئەچێتە گوندی كەڵكەسماق و، حەمە سور و شوێنكەوتووەكانیشی ڕوو ئەكەنە گوندی (كڵاوقوت)ی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر و لەوێ جێگیر ئەبن. ئاغاكانی پشدەریش ئەگەڕێنەوە گوندەكانی خۆیان و، دەروێش و موریدە ڕاستەقینەكانی شوێنكەوتووی تەریقەتی شێخیش ئەگەڕێنەوە گوندەكانی خۆیان. بەڵام ھەموو ساڵێك وەك وەفادارییەك ئەچنەوە شەدەڵە و سەردانی تەكیە ئەكەن.

گرتنی مامە ڕەزا لە لایەن ئینگلیزەوە

ئینگلیزەكان لە كەركوكەوە فەرمانڕەوایی شارەكانی سلێمانی و ھەولێر و موسڵیان ئەكرد. ئینگلیزەكان زانیبوویان كە مامە ڕەزا خەڵكێكی زۆری كۆمەڵەكەی شوێنكەتووە و، ڕەنگە ترسێك لەسەر ئەوان دروست بكات. بە فڕوفێڵ مامە ڕەزا ئەگرن و دووری ئەخەنەوە بۆ شاری (عەممارە)ی باشوری عێراق. ماوەیەك دوای ئەوە سەرانی حەقە بانگەواز بۆ دەروێش و موریدەكانیان ئەكەن كە (دەجال) لە شاری كەركوك دەركەوتووە ئەبێ شوینكەوتووانی حەقە بچن و بیكوژن. بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیگلیز بە بزووتنەوەیەكی چەكداری ھەڵگەڕاوە لەقەڵەمیان نەدات، وتبوویان كە ئەبێی ھەموو كەسێك گونیە لەبەر بكات و دارێكی قوڵی پێ بێت، چونكە دەجال بەو دارە قوڵە ئەكوژرێت.

باپیر (باوكی دایكم) خوا لێیان خۆش بێت، بۆی گێڕامەوە و ووتی: دوای ئەو بانگەوازە دەروێش و موریدەكانی حەقە ھەموو ناو ماڵ و مەڕ و ماڵاتی خۆیان فرۆشت و گونییەیان لێ لەبەركرد و بەو دارە قوڵەوە بەرەو شاری كەركوك بە پێ بەڕێ كەوتن.

ئیگلیز ئەیزانی كە سەرانی حەقە مەبەستیان دەجال نییە، بەڵكو مەبەستیان ئەوەیە شوێنكەوتووەكانیان بگەیەننە كەركوك و لەوێ خۆپیشاندان بكەن و داوای ھێنانەوەی مامە ڕەزا بكەن. ھەروەھا ترسی ئەوەشیان ھەبوو كە بگەنە ناو شاری كەركوك و كۆمۆنیستەكانیش تێكەڵیان ببن و خۆپیشاندانەكە گەورەتر ببێت و لە كۆنترێڵ بچێتە دەرەوە. لەبەر ئەوە لای ئاغجەلەر و لە فڕۆكەخانەكەی (یاروەلی) سەربازی ئینگلیز پێشیان پێ ئەگرن و ناھێڵن زیاتر بڕۆن.

ماوەی سێ مانگی ڕەبەق لەوێ ئەمێننەوە و، ھەندێك لە ژنەكانیان ھەر لەوێ منداڵیان ئەبێت. ئینگلیز ئەكەوێتە گفتوگۆی نھێنی لە گەڵ سەرانی ئەو ڕەوتە. لەسەرەتاوە ئینگلیز ئەیەوێت قەناعەتیان پێ بكات كە بگەڕێنەوە گوندەكانی خۆیان بێ ئەوەی مامە ڕەزایان بۆ ئازاد بكات. بەڵام ئەوان زیرەكتر ئەبن و، لە ھەلێكدا كۆمەڵێك ھەر ئەگەیەننە ناو كەركوك و، لە گەڵ كۆمۆنیستەكان ھاوكاری ئەكەن و گوشار ئەخەنە سەر ئینگلیز. ئینگلیز ناچار ئەبێت بەڵێنیان پێبدات كە مامە ڕەزایان بۆ دێنێتەوە و، ئەوانیش ئەبێ بگەڕێنەوە گوندەكانی خۆیان. بەو جۆرە ئینگلیز مامە ڕەزا دێننەوە و ئەوانیش بەرە گوندەكانی خۆیان ئەڕۆنەوە. بەڵام ئینگلیز لە سەرەتاوە مامە ڕەزا ئەبات بۆ ھەڵەبجە.

حەمە سور و سۆشیالیستی تۆباوی

كتێبەكەی مستەفا عەسكەریم لا نەماوە، بەڵام زۆر لە زانیارییەكانی، لەبیر ماوە. لە سەرەتای ساڵی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو ئەو كتێبەم خوێندۆتەوە. لە ساڵانی (1970-1974) شەڕی كوردستان بە ھۆی دەرچوونی ڕێكەوتننامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970)ی نێوان سەركردایەتی شۆڕش و حكومەتی بەغدادەوە وەستابوو. ڕۆژێكی ساڵی (1973) دەستەیەك پێشمەرگە یەكێكیان ئەنێرن بۆ گوندی كڵاوقوت تا تراكتۆرێك وەربگرێت بۆ ھەندێ ئیشوكار. كە پێشمەرگەكە ئەچێت و داوای تراكتۆر ئەكات ئەیبەن بۆ لای حەمە سور. ئەویش پێی ئەڵێ: (بڕۆرەوە بۆ لای بەرپرسەكەت و پێی بڵێ ھەر كاتێك تراكتۆر یان شتێكی دیكەی ویست با ئێوارەی پێشتر ئاگادارمان بكاتەوە، چونكە ئێمە شەوانە كۆئەبینەوە و كاری سبەی دابەش ئەكەن). ئەو دەستە پێشمەرگەیە لە گەڵ فاخیر مێرگەسوریی خوشكەزای مەلا مستەفای بارزانی ئەبن.

فاخیر ئەم بەسەرھاتە لە نامەیەكدا بۆ دوكتۆر عیززەدین مستەفا ڕەسوڵ لە بەغداد ئەنووسێت و، پێی ئەڵێ كە كۆمەڵێك خەڵكی دۆزیوەتەوە جۆرێك لە سوشیالیستی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پیادە ئەكەن. دوكتۆر عیززەدینیش لە یاداشتەكانی خۆیدا باسی ئەو مەسەلەیە ئەكات و ئەڵێ: دوای نامەكەی فاخیر چوومە گوندی كڵاوقوت و لە گەڵ حەمە سور دانیشتم و، زانیارییەكەی زۆرم لێ وەرگرت و، تێگەیشتم كە ئەوان سوشیالیستی تۆباوی (خەیاڵی) پیادە ئەكەن. بەڵام دوكتۆر ئەڵێ: لەبەر ئەوەی سەفەری زۆرم ئەكرد، ئەو كاغەزانەم لێ ونبوو كە ئەو زانیارییانەم تێدا نووسیبوون.

ئەوانەی كە چوونەتە كڵاوقوت و شوێنكەوتووەكانی حەمە سوریان بینیووە ئەڵێن كە بەرگرییان لە منداڵ بوون كردووە. واتە (تحدید نەسلیان كردووە). ھەروەھا تەسبیحێكی دریژیشیان ھەمیشە پێبووە. لەبەر ئەوەیە كە كاتی خۆی خەڵك پێیان وابووە كە حەمە سور لە ڕوسیاوە ھاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە كارەكەیدا سەركەوتوو نەبووە و، نەشیتوانیووە بگەڕێتەوە بۆ ڕویسا، ھەر لەناو كوردا ماوەتەوە.

ھەندێك داب و نەریتی كۆمەڵایەتی حەقە

كۆمەڵی حەقە ئەڵێن: (ئێمە ھەموو خوشك و برای یەكترین). ئەم خوشك و برایەتییە سەری كێشاوە بۆ زۆر داب و نەریتی سەیر لەناویاندا. لەو گوندانەی حەقەیان تێدا بووە ماڵێكیان بۆ خۆیان دروست كردووە و ناویان ناوە پۆلیس خانە. لەوێدا كۆبوونەوەی خۆیان كردووە و، لە لایەنی كۆمەڵایەتییەوە تێكەڵی یەكتر بوون. تەنانەت ژن و پیاوی حەقە لە گەڵ یەكتر خەوتوون و، كاری ژن و مێردایەتیشیان كردووە (واتە: سێكسیان كردووە) و وتووشیانە كە خوشك و برای یەكترن. لە كاتی ئەو پێكەوە خەوتنەیان پریاسكەیەك گڵیان لە نێوان خۆیاندا داناوە و، وتوویانە كە حەوت كێو لە نێوانیاندا ھەیە، چونكە ئەو گڵەیان لە حەوت كێو ھێناوە و كردوویانەتە ناو ئەو پریاسكەیەوە. حەقەكان كاتی خۆی ئەم مەسەلەیان ڕەت كردۆتەوە و وتوویانە كە خەڵكی ناحەز ئەوەیان بۆ حەقە دروست كردووە، بەڵام خەڵكی دەوروشت و ئەوانەی تێكەڵیان بوون و دواییتر وازیان لێھێناوون ئەو دیاردەیان ئاشكرا كردووە.

من كە باسی حەقەم لە گەڵ باپیرم (باوكی دایكم) ئەكرد ھەندێك زانیاریی مێژووی لابوو كە لای خەڵكانی دیكەش بیستبووم. لە باسی ئەو تێكەڵ بوونەی ژن و پیاوی حەقە كە مستەفا عەسكەریش لە كتێبەكەیدا باسی كردووە، باپیرم ووتی: (كابرایەكی خەڵكی گوندی "م" لە حەقەكان نزیك بۆتەوە و، دوای چەندین جار چوونە لایان بە كەسێكی حەقە لەقەڵەمیان داوە. ئێوارەیەك دەبێتە میوانیان و ئەو شەوە حەقەكان كۆبوونەوەیان ئەبێت و، ھەر یەكە لە پیاوانی حەقە ژنێكی لە گەڵ خۆیدا ھێناوە). بۆ ئەم مەسەلەیە مستەفا عەسكەریش لە كتێبەكەیدا ئاماژەی بۆ كردووە. باپیرم ووتی: (شەو درەنگ پێش ئەوەی ڕووناكی پۆلیسخانەكە بكوژێننەوە یەكێك لەوانەی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كردووە ڕووی تێكردوون و، ژن و پیاوەكانی لە یەكتر دابەش كردووە و، پێی وتوون فڵان مەعشوقی فڵانە و ئیتر ڕووناكییەكەیان كوژاندۆتەوە و تێكەڵ یەكتر بوون. ئەو كابرایە ئەمەی پێ قبوڵ نەبووە و بە پاڵ كردوویانەتە دەرەوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە لایان). من ھیوادارم كەسێكی حەقە لە كوردستان یان لە دەرەوەی كوردستان ئەم زانیارییانەم بۆ ڕاست بكاتەوە ئەگەر ڕاست نەبوون.

ئەو ئەسپ سوارەی نەزانرا لە كوێوە ھاتووە

یەكێك لە شێخەكانی تەریقەتی قادریی دراوسێی حەقەكان تێكەڵ بە حەقەكان ئەبێت و ھاتوو و چۆیان ئەكات. ئەو شێخە لە سلێمانی دراوسێی ئێمە بوو و، لە دوای دەرچوونی كتێبەكەی مستەفا عەسكەرییەوە ویستم بەدواداچوونێكی بۆ بكەم و، ماوەیەك گەڕام بە دوای ئەوانەی حەقە بوون یان زانیارییان سەبارەت بە حەقە ھەیە. ئەو شێخە بەڕێزەش یەكێك بوو لەوانەی چەندین جار لەو بارەیەوە قسەم لە گەڵ كردبوو. جارێك خۆی ووتی: (من ھێندە ئیماندار بوو بووم كە ئەچوومە ئەو شاخانە و ئەوەستام چۆلەكە ئەھاتن و بەسەر شانمەوە ئەنیشتنەوە).

ڕۆژێك ئەو شێخە لە ماڵ ئەبێت كە كابرایەكی ئەسپ سوار پەیدا ئەبێت و، عەبایەكی شێخایەتی لەبەردا ئبێت و ڕوو ئەكاتە ماڵی ئەوان و، بەم شێخی خاوەن ماڵ ئەڵێت: (من لە دوورەوە بۆ سەردانی تۆ و شێخێكی دیكە ھاتووم. ئەو شێخەی دیكە لە لای بەرزنجەیە. من بیستوومە كە ھەردووكتان تێكەڵاویتان لە گەڵ حەقەكان پەیدا كردووە. من بۆ ئەوە ھاتووم كە پێتان بڵێم بۆ ئێوە نەھاتووە تێكەڵ بە كۆڕ و كۆمەڵی وەھا ببن. ئەبێ وازیان لێ بێنن).

ئیتر وەك خۆی و خێزانەكەشی ووتیان ئەچێتە سلێمانی و ماوەی مانگێك لە مەرقەدی كاكە ئەحمەدی شێخ ئەمێنێتەوە و، دوای ئەوە ئەچێتە مەرقەدی شیخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغداد و ماوەی سێ مانگێكیش لەوێ ئەمێنێتەوە و، ئەگەڕێتەوە بۆ گوندەكەی خۆیان و ئیتر جارێكی دیكە تێكەڵاوی لە گەڵ حەقە ناكات. من وای بۆچووم كە شێخی میوان بۆ ئەو كارە ڕاسپێردرابێت و، بۆیە وتوویەتی شێخەكەی دیكە لە بەرزنجەیە بۆ ئەوەی كەس بە دوایدا نەڕوات.

زێڕین تاج و بانگەشەی نەسخ بوونەوەی شەرعی ئیسلام

لەو سەردەمەی عوسمانییەكان دەسەڵاتدار بوون كابرایەك لە ئێران لە ساڵی (1844)دا بە ناوی (میرزا عەلی محمد رەزای شیرازی) سەرھەڵ ئەدات. ئەم كابرایە لە تەمەنی شەش ساڵاندا بووە كە لای شێخەكانی شیعە دەرسی خوێندووە و، دواییتریش خۆی كتێبی سوفی و پاكبوونەوەی ڕوحی خویندۆتەوە و، چۆتە بەغداد و لەوێ لای (كازم ڕەشتی) شیعە ماوەتەوە و، بە بیروھزری ئەو گۆش بووە. دوای مردنی كازم ڕەشتی ئەم كابرایە نازناوی (باب)ی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە چونكە شیعەكان بڕاویان وابووە كە كەسێك بە ناوی (باب)ەوە دوای كازم ڕەشتی دێت و ڕابەرایەتی مەزھەبەكەیان ئەكات. ھەر لە ساڵی دەركەوتنیدا (1844) میرزا عەلی محمد باب بانگەشەی ئەوە ئەكاتكە  ڕوحیانەتی خوا چۆتە ناو ڕوحییەوە. ئیتر دوای ئەوە زانایەكی زۆر لە سوننە و شیعە گفتوگۆی لە گەڵ ئەكەن بۆ ئەوەی پەشیمانی بكەنەوە، بەڵام ئەو ھەر لەسەر بیروھزری خۆی بەردەوام ئەبێت و تۆبەی لێ ناكات. سەرەنجام لەسێدارە ئەدرێت.

بیری میرزا عەلی محمد باب بریتی ئەبێت لەوەی شەرعی ئیسلام نەسخ بۆتەوە و شەرعێكی نوێیان بۆ نەھاتووە و، لە سەردەمێكدا ئەژین كە تەكلیف لەسەر كەس نییە. دیارە بابەتەكەمان باسی بابییەكان نییە بۆیە تەنھا ئاماژە بۆ بوونی ژنێكی چالاكی بابییەكان ئەكەین تا بیكەینە نموونە بۆ ئەوەی كە حەمە سوری حەقە كاتی خۆی لە كۆڕی زیكردا وتوویەتی شەرع نەماوە و، شیخ عەبدولكەریمی شەدەڵە لەسەر ئەوە داركاری كردووە.

ئەو ژنە ناوی (زێڕین تاج) ئەبێت و، لە ھەندێك سەرچاوەدا بە (قرة العين) ناوی ھاتووە و لە شاری قەزوین و لە ساڵی (1817) لە دایك بووە. باوكی ناوی (مەلا محمد ساڵح قەزوینی) بووە و، یەكێك بووە لە زاناكانی ئەو سەردەمەی شیعەكانی ئێران. زێڕین تاج لای باوكی خوێندوویەتی و خۆی بە لای شێخەكانی شیعەدا ساغ كردۆتەوە و، زیاتر كەوتۆتە ژێر كارتێكردنیانەوە. زێڕین تاج بەناو خەڵكیدا گەڕاوە و بانگەشەی ئەوەی كردووە كە شەرعی ئیسلام نەسخ بۆتەوە و، خەڵكی لەسەردەمێكدا ئەژین كە تەكلیف لەسەر كەس نییە. لەسەر بیروھزرە مێردەكەی تەڵاقی داوە و منداڵەكانیشی تەبەڕایان لێكردووە. زاناكانی سوننە و شیعەی ئەو سەردەمە گفتوگۆیان لە گەڵ كردووە بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە و تۆبە بكات. بەڵام ئەو بەردەوام بووە و، دواییتر بە تۆمەتی ئەوەی بەشداریی كردووە لە ھەوڵدان بۆ كوشتنی شا ناسرەددینی قاجاری، فەرمانی سووتاندنی بە زیندوویی بۆ دەرچووە. ھەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە ئەكەن كە پاسەوانی بەرپرس لە سوتاندنەكەی پێشتر خنكاندوویەتی و ئەمجا سووتاندوویەتی. مردنەكەشی لە ساڵی (1852)دا بووە.

مامە ڕەزا سەردانی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕس ئەكات

محمدی مەلا كەریم كە پێداچوونەوەی بە كتێبەكەی مستەفا عەسكەریدا كردووە و پەراوێزی بۆ داناوە، ئەڵێ: (ڕۆژێك باوكم "مەلا عەبدولكەریمی مودەڕس" لەسەر سەكۆی مزگەوتەكەی خۆی لە سلێمانی دانیشتبوو كە مامە ڕەزا ھات بۆ لای و لە نێوان قسەكانیدا گلەیی ئەوەی لە باوكم كرد كە قسەیەك ناكات لەسەر ئەوەی مەلاكان بە كافریان دەزانن. باوكم پێی ووت ئەی چۆن فەتوا دەرناكەن كە ئێوە نوێژ ناكەن. ئەویش لە وەڵامدا ووتی: ئەی خوا لە قورئاندا نافەرمووێ: (وأعبد ربك حتى يأتيك اليقين). خوا ئەوەندە بپەرستە تا یەقین پەیدا ئەكەیت؟ ئێمە ئەو یەقینەمان پەیدا كردووە. مامە ڕەزا و شوێنكەوتووەكانی ئەو یەقینەیان بە بڕوابوون بە خوا لێك داوەتەوە. بەڵام ئەو یەقینە لەو ئایەتەدا بە مانای "مردن" ھاتووە. واتە: تا ئەمریت تۆ نوێژ بۆ خوای گەورە بكە و عیبادەتان ئەنجام بدە.

لە ساڵی (1974)دا كە شەڕی كوردستانی باشور دەستی پێكردەوە، حەقەكان بۆ ئەوەی پشتگیریی لە شۆڕش بكەن داوا لە مەلا مستەفا بارزانی ئەكەن كە دوو لوتكە شاخیان بداتێ و تیایدا جێگیر بن. لوتكە شاخێكیان لای دوكان ئەبێت و، ئەوی دیكەشیان لای گەڵاڵە و چۆمان ئەبێت.

من ئەم قسەیەم كاتی خۆی بیستووە و، ڕاستی و ناڕاستی تا ئیستاش نازانم. گومانێكیشم ھەیە كە بانگەشەیەك بووبێت دژی حەقەكان.

 
     
 

بگه‌ڕێوه‌

ئەرشیفی ئیسلامی كورد

 
 
 
 

دامه‌زرێنه‌ر: خالد ڕه‌نجده‌ر

به‌رواری دامه‌زراندن: 3/12/2001

ژماره‌ی تۆمار: 983898521

admin@azmoon-kurd.com

 

.