|
گەورەترین مەترسی لەسەر عێراق
گەندەڵییە

(1/11/2009)...یەكێك لەو كەلێنانەی
تەقینەوەكانی عێراقی دروست كرد، بە تایبەتی تەقاندنەوەی
ئەم دواییەی وەزارەت و دەزگاكانی حكومەت، ئەو گەندەڵییەیە كە بە ناخی دەزگاكانی
دەوڵەت و كارمەند و بەرپرسە حیزبییەكاندا چۆتە خوارەوە. بەرتیل وەرگرتن كارێكی
مەترسیدار ئەبێت كاتێك كە لەناو ئەو ئەفسەر و سەربازانەدا بڵاو ئەبێتەوە كە
پاسەوانن لە شوێنە ناسك و ھەستیارەكانی شارەكانی عێراقدا، بە تایبەتی شاری بەغداد و، لەویش
تایبەتیتر ناوچەی سەوز كە دەزگاكانی حكومەتی لێیە. بچوكترین ھێرش
بۆ سەر ئەو ناوچەیە كارێكی دژوار ئەكاتە سەر ئەدای حكومەت و ناوی لە دەرەوە ئەزڕێنێت.
لە تازەترین ڕاپۆرتی پشكێنەری
گشتی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا ھاتووە كە پاسەوانەكانی ناوچەی سەوز بەرتیلیان
وەرگرتووە. ئەو بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵییە بووە ھۆی تەقینەوەكەی وەزارەتی داد كە
بووە ھۆی كوشتنی نزیكەی (160) كەس. پێشتریش لە مانگی ئابی ئەمساڵدا تەقینەوەیەك
ھەردوو وەزارەتی دەرەوە و دارایی ھەژاند و بووە ھۆی كوشتنی (122) كەس.
حاكم عەبدولستار بەیرەقداری
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای قەزا ڕاست و ڕەوان ئەڵێ: "خۆ ئەو ئوتومۆبێل مینڕێژكراوانە
لە ئاسمانە نەھاتوونەتە خوارەوە. گومانی تێدا نییە بەسەر جادەكاندا ڕۆیشتوون تا
گەیشتوونەتە ئەو ئامانجانەی ئاڕاستەیان كراوون. ئەگەر گەندەڵی نییە چۆن ئەوانە
گەیشتنە ئامانجەكانیان؟ جێی بڕوا نییە ئەو كەسانەی ئەو
ئوتومۆبێلانەیان لێخوڕیوە
ئەگەر گەندەڵی نەبێ خۆیان ناخەنە مەترسی بڕینی دەیان خاڵی
پشكنینەوە".
كاتێك گەندەڵی لەناو دەزگا
ئەمنییەكاندا ڕەگ دائەكوتێ دژوارترین بارودۆخی لێ ئەكەوێتەوە. گومانی تێدا نییە كە
ئەو تەقینەوانە كارتێكردنی نێگەتیڤی لەسەر ڕێكەوتننامەی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا
لە عێراق دروست ئەبێت. بەڵام وادیارە بەلای ھەندێكەوە دەوڵەمەند بوون گرنگترە لە
پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و، ڕزگاربوونی زوو بە زوویی لە ھێزی داگیركەر.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق
دووەمین وەزارەتە بۆ گەورەیی و ژمارەی فەرمانبەران لە عێراقدا. چواریەكی فەرمانبەرانی عێراق
لەو وەزارەتەدا دامەزراوون. لەبەر ئەوە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی تیایدا كارتێكردنێكی
گەورە و دژواری ئەبێت لەسەر بارودۆخی
ئاسایشی عێراق. جەواد بۆڵانی وەزیری ناوخۆی
عێراق خۆی ئەڵێ: "گەندەڵی دیاردەیەكە ھەڕەشە لە قەوارەی دەوڵەت ئەكات". بە دەیان
راپۆرت و دان پیایانیش ھەن گوزارش لەو دیارەیە ئەكەن، بە تایبەتی دان پێدانانی ئەو
ئەفسەر و پۆلیسانەی لەم دواییەدا دەستگیر كراوون.
بە پێی ڕاپۆرتێك كە ھەمان
وەزارەت لەم دواییەدا دەری كردووە، زۆرجار موویەی فەرمانبەران دزی لێكراوە و،
دەستكاری گرێبەستەكانیش كراوون و بۆ بەرژەوەندی كەسەكان گۆڕانكارییان تێدا كراوە.
ھەروەھا ئەڵێ: "لەناو لیستی مووچە خۆرەكاندا ناوی سەدان ئەفسەر ھەیە كە لە واقیعدا
تەنھا ناوی سەر كاغەزن و بوونیان نییە. سەدان ئەفسەریش كە دەركراوون تا ئێستا
مووچەكانیان ھەر وەرئەگیرێت". ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش ئەكات كە زۆرجار لە ڕێی
بەرتیل وەرگرتنەوە دەستگیر كراوەكان ئازاد كراوون كە لەسەر تاوان یان چەكدارێتی سزا
دراوون. ھەروەھا لە ڕێی بەرتیل وەرگرتنەوە ناوی تاوانباران لە دەفتەری تاواندا
ئەسڕڕێتەوە و، پاسەوانەكان بۆ ئەوەی كەسوكاری گیراوەكان ناچار بكەن بەرتیلیان
بدەنێ، مامەڵەی
خراپیان لە گەڵ ئەكەن".
ھاوشانی گەندەڵی دارایی،
گەندەڵی سیاسی كاری خۆی لەناو دەزگاكانی دەوڵەتدا ئەكات. لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی دەزگا
ئەمنییەكان بەلای خۆیاندا ڕاكێشن، چاوپۆشی لە كارەكانیان ئەكەن و، ھەولیش ئەدەن
خەڵكانی خۆیان بخزێننە ناو ئەو دەزگایەوە.
دزینی پارە لە زۆر بواردا
ئەكرێت، لەوانە: دزینی پارەی خواردنی ناو وەزارەتەكان. ئەفسەرێك كە تا ڕادەیەك
ئاگادرە ئاماژە بۆ دزینی پارەی خواردن ئەكات لە لایەن بەرپرسەكەیەوە و ئەڵێ:
"فەرماندەی فیرقەكەمان لە بڕی (41) ملیۆن دۆلار، مانگانە (34) ملیۆن دۆلار ئەدزێت.
ئەفسەرێكی دیكە ئەڵێ: "ناوێكی زۆرمان ھەیە و تا ئێستا ھیچیان بۆ ڕاپەڕاندنی
ئەركەكانیان نەھاتوون. تەنھا مانگی جارێك دێن و ھاتنەكەشیان بۆ وەرگرتنی ئەو
مووچەیەیە كە لە گەڵ گەورە بەرپرسەكاندا بەشی ئەكەن.
ئەو ئەفسەرانەی كە تەنھا مانگی
جارێك بۆ مووچەكانیان دەرئەكەوون پێیان ئەڵێن "فەزایی"، واتە وەك خەڵكی فەزا وان و تەنھا
جارێك لەسەر گۆی زەمین دەرئەكەوون. گەندەڵی ھێندە لە عێراقدا بەربڵاوە كە مانگانە
بە ھەزاران كەس لە دەزگاكانی دەوڵەت دەرئەكرێن. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابوردوودا
(62) ھەزار فەرمانبەر لە وەزارەتی ناوخۆ دەركراوون و، ئێستاش ناوی ھەزارانی دیكە
ھەیە كە خراوونەتە لیستی ئاژاوەگێڕانەوە و، كار بۆ دەركردنیان ئەكرێت. لە ماوەی شەش
مانگی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی (122) ملیۆن دۆلار لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دیار
نەماوە.
لێكۆڵینەوەیەك
ئاماژەی بۆ ئەوە
كردووە كە لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی (1500) فەرمانی گرتن بۆ
گەندەڵەكان دەركراوە. ناچار كردنی وەزیری بازرگانی بۆ دەست لەكاركێشانەوە بە
ھۆی دیارنەمانی پارەی خواردنەوە،
باشترین نموونەی بوونی گەندەڵییە لە دەزگاكانی دەوڵەتی عێراقدا. ھەر ئەمساڵیش جێگری وەزیری گواستنەوە لەسەر گەندەڵی دەستگیر كراوە.
بە گشتی ساڵانە عێراق بڕی (250)
بلیۆن دۆلار بە ھۆی گەندەڵییەوە زیان ئەكات. لە ساڵی پێنجەمی دوای ڕووخانی ڕژێمی
پێشوودا تەنھا لە قاچاخچێتی نەوتدا عێراق بڕی (45) بلیۆن دۆلاری ئەمریكایی زیانی
پێكەوتووە. وەو گەندەڵییەی ئەمڕۆ لە عێراقدا بڵاو بۆتەوە،
وەنجوومەنی وەزیرانیشی گرتۆتەوە و، خەڵكانی گەندەڵی دارایی و سیاسی لەناو ئەوانیشدا
ھەن.
لەو وەزارەتانەی ناوبانگیان بە
گەندەڵی دەكردووە: وەزارەتی بەرگری و، وەزارەتی كارەبا و، وەزارەتی بازرگانی و،
وەزارەتی ناوخۆ و، وەزارەتی تەندروستی. سەبارەت
بە وەزارەتی تەندروستی زۆرجار واماژە بۆ ئەوە كراوە كە بەو دەرمانانەی دێنە ناو عێراقەوە،
(90%)یان ئەزمایشی پێویستیان بۆ ئەنجام نادرێت و ڕادەستی دەرمانخانەكان ئەكرێن.
لە ساڵی (2008)دا ڕێكخراوی
شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی خۆیدا عێراقی بە دووەم دەوڵەتی گەندەڵ دوای سوماڵ
ڕاگەیاند. ھەندێك پێیان وایە لەم گەندەڵییەدا ئەمریكا و ئێران و ھەندێك ووڵاتی
دیكەی دراوسێ و پارتە سیاسی و مێلیشیاكان بەشدارن.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە خەڵكی تانكەری
نەوتی ووڵاتێكی وەك ئۆزبەكستانی لە كوردستان بینیوە و، ئەو
تانكەرانە نەوتی خاو لە عێراق و كوردستانەوە بە ناو ئێراندا
ئەبەنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان یان بۆ ووڵاتانی دراوسێی خۆیان.
ھەرچەندە تا ئێستا لەسەر ھەناردنە دەرەوەی قاچاخی نەوتی عێراق
ھیچ لە بەرپرسان لێپێچینەوەیان لە گەڵ نەكراوە، ھەندێك سەرچاوە
ئاماژە بۆ ئەوە ئەكەن كە ڕێژەیەكی سەدی لەو نەوتەی كوردستان كە
بە تانكەر ئەڕواتە دەرەوە، تەرخان كراوە بۆ گەورە بەرپرسێكی
حكومەتی كابینەی پێنجەمی ھەرێم.
دەزگای شەفافیەتی
نێودەوڵەتی
لێكۆڵینەوەی لە سەر گەندەڵی لە (180) دەوڵەتدا كردووە و، لیستێكی دوور و درێژی لە
ناوی ئەو دەوڵەتانە پڕ كردۆتەوە كە گەندەڵیان تێدا بڵاو بۆتەوە. لەو ڕاپۆرتەدا
ھاتووە كە داھاتی تاكێكی عێراق لە ساڵێكدا پێش داگیركردن (3000) دۆلار بووە، بەڵام
ساڵی پار ھاتۆتە خوارەوە بۆ (500) دۆلاری ئەمریكایی.
|