|
ئیخوانولمسلیمون و دیموكراتییەت
خالد
ڕەنجدەر...(2/12/2009)
پێشەكی
ئەوەی لای ھەموو
ئیسلامییەكان و لای ئیخوانیش خۆی ئاشكرایە ئەوەیە كە ئیخوانولمسلون نوێنوری ھەموو
ئیسلامییەكان نین ھەرچەندە بوونیان وەك حیزب و ڕەوتی سیاسی و قوتابخانەی بیروھزر لە
نزیكەی (70) ووڵاتدا ھەیە. بەڵام گومانی تێدا نییە كە ئیخوان وەك بیروھزر و وەك
كاری سیاسی و بزاڤ لە زۆربەی ووڵاتان و لای زۆربەی دەسەڵاتداران جێیان بۆتەوە و
فشاریان لەسەر نییە. لە ووڵاتانی جیھانی ئیسلامدا ئیخوانی سوریا و تونس و تا ڕادەیەك
ئیخوانی میسریش گوشاریان لەسەرە. ئیخوانی سوریا و تونس لە ئیخوانی ھەموو جێگەكانی
دیكە زیاتر ئەچەوسێنرێنەوە. ئیخوانی میسر ناوبەناوێك ئەندامیان لێ دەستگیر ئەكرێت و
دادگایی ئەكرێن، بەڵام بە گشتی ئیخوان بە ڕەوتێكی نەرمڕەو پێناسە ئەكرێت و، ئەتوانن
خۆیان لە گەڵ بارودۆخەكە بگونجێنن.
ھەندێك كەس
لە دەرەوەی ئیخوان ڕایان وایە كە ئیخوانی میسر (ئیخوانی دایك) لەبەر ھەر ھۆیەك بێت
ناتوانێت ئیجتیھاد و نوێكاریی لە كار و بزاڤیدا
بكات، بە تایبەتی لە مەسەلەی قبوڵكردنی
تەواوەتی یان ڕەتكردنەوەی تەواوەتی سیستمی دیموكراتی بە ووردەكارییەكانیەوە. لەناو
خودی ئیخوانەوە ئەم بۆچوونە ڕەت ئەكرێتەوە بەوەی كە ئیخوانی میسر لەناو كۆمەڵگەی
میسردا ڕەگی داكوتاوە و، خۆی بە ئەڵتەرناتیڤی ئەو واقیعە سیاسییەی ئەمڕۆی میسر
لەقەڵەم ئەدات. ئیخوانی میسر بۆچوونی ئەو كەسانە بە تۆمەتباركردنی خۆی ئەزانێت كە گوایە
بیروھزر و عەقڵیەتی ئیخوان ژەنگی گرتووە و، لە ئاست زۆربەی مەسەلە سیاسی و فیكرییەكاندا
دەستەوسانە.
بە ڕای من ئەبوو ئیخوان لەمێژ بوایە گۆڕانكاری لە بیروھزر و شێوازی بزاڤیدا بكردایە و،
ببووایەتە خاوەنی پرۆژەیەكی سیاسی وەھا كە ئیسلامییەكانی دیكەش ڕەچاویان بكردایە و،
خۆشیان ببوونایەتە پێشەوای كاری ئیسلامی. دیارە مەبەستی من لێرەدا پرۆژەی سیاسی و
پەیوەندی نێوان دین و سیاسەتە كە عەلمانییەكان لێكیان جیاكردۆتەوە. لەمێژە سەردەمی
ناسرییەكانی میسر بەسەرچووە
و، ئیخوان بە گشتی و، ئیخوانی میسر بە تایبەتی، ئەو
فشارەیان لەسەر نەناوە. (35) ساڵێك ئەبێت كە ئیخوان گەڕاوەتەوە مەیدانی سیاسەت و
كاركردنی بواری بانگەواز و، ئەبوو لەو ماوەیەدا جێدەستی لە گۆڕانكارییەكاندا بە
ئاشكرا دیار بووایە. ئەگەر ئیخوان چاوەڕوانی ئەوەیە بگاتە دەسەڵات و ئەمجا گۆڕانكاری
بكات، كارێكی نەشیاوە. گۆڕانكاری و داھێنانی تیۆریی لە بیروھزر و كاری سیاسیدا ئەتوانرێ
بكرێت با لەژێر گوشاریشدا بن، بە تایبەتی ئەمڕۆ كە زانست و تەكنۆلۆژیای پەیوەندی
بەرەوپێش چووە و، ھەموو كەسێك ئەتوانێت بیروھزری خۆی بە ئاسانی بگەیەنێتە ھەموو ووڵات
و، بگرە ھەموو ماڵێكیش.
ڕای ئیخوان
خۆیان لەسەر دیموكراتی
لەمەڕ بزاڤی
سیاسی، ئیخوان خۆیان ئەڵێن كە ھەنگاوی باشیان لەو بارەیەوە ناوە. بۆ نموونە: فرە
حیزبییان قبوڵكردووە كە كاتی خۆی (حەسەن البنا)ی ڕابەری یەكەمی ئیخوان پێی قبوڵ نەبووە.
ھەروەھا بەشداری كاری سیاسیی و دەستور و ھەڵوێست گرتن لە توندوتیژی
بوون و، لە ماوەی ئەم ساڵانەی ڕابوردوودا ووتاری سیاسی تایبەت بە خۆیان ھەبووە. بەڵام عەلمانییەكان
پێیان وایە كە تا ئێستا ڕای ئیخوان بەرامبەر بە دیموكراتی ڕوون نییە و، لە پرۆژەی
سیاسییاندا بێ وەڵام ماوەتەوە. ئەوەش كارێكی وای كردووە كە ڕۆژئاواش و ووڵاتانی
عەرەبی گومانیان ھەبێت لە بوونی پێگەی دیموكراتی لای ئیخوان.
ئیخوانییەكان ئەو ڕایە
رەت ئەكەنەوە و، ئەڵێن كە خەڵكانێك ھەن بەردەوام گومان ئەخەنە سەر بیروھزری ئیخوان
و ھەوڵ ئەدەن لێڵییەك بەسەر دیدوبۆچوونیاندا بێنن، بە تایبەتی لە مەسەلەی
دیموكراتیدا. بۆ تێگەیشتن لە دیدوبۆچوونیان لە بارەی دیموكراتییەوە، ئیخوان دوو خاڵ
ئەخەنە ڕوو كە ئەبێ ڕەچاو بكرێن پێش ئەوەی حوكم بدرێت بەسەریاندا. یەكەمیان ئەوەیە
كە ئەبێ شارەزای چۆنییەتی تێگەیشتنی ئیخوان بین لە دیموكراتی و، ئایا سەركردایەتی
ئیخوان تێگەیشتنێكی تایبەت بە خۆیان ھەیە سەبارەت بە دیموكراتی
یان نا؟ دووەم ئەوەیە كە
ئیخوان پێش ڕەوتەكانی دیكەی بزاڤی ئیسلامی چۆتە ناو سیاسەتەوە و، لەو
بوارەدا ھەنگاوی
باشی ناوە. لەوانە: خستنە ڕووی دیدوبۆچوونی خۆی سەبارەت بە ھەندێك (ئەشكالاتی)
دیموكراتی لە بوارەكانی مافی ژنان و پەیوەندی لە گەڵ خەڵكانی
دیكە. ھەرچەندە ئەو دیدوبۆچوونانە گشتی بوون، بەڵام جێ دەستی ئیخوانیان پێوە دیارە.
ھەر ئیخوان
خۆیان سەبارەت بە خاڵی یەكەم ئەڵێن: "نزیك بوونەوەی ئیخوان لە مەسەلەی دیموكراتی
بەزۆر بووە و، كۆڵكە دەرەكییەكان لەوەدا ڕۆڵیان ھەبووە و، جۆرێك لە دیموكراتیان
بەسەر ئیخواندا فەرز كردووە و، نەیانھێشتووە ئیخوان ئەو دیموكراتییە ڕەنگ پێبداتەوە
كە خۆیان ئەیانەوێت. لەبەر ئەوە گەڕان بە دوای شێوازێك لە دیموكراتی تایبەت بە
ئیخوان ھەمیشە خولیای سەری سەركردایەتی و كادیرەكانی ئیخوان بووە. ئەو گەڕانە تا ئێستاش
بەردەوامە بۆیە دیموكراتی لە فەرھەنگی ئیخواندا بە تەواوەتی خۆی نانوێنێت و
دەرناكەوێت".
خۆ زۆرجار
باس لە شورا ئەكرێت وەك ئەڵتەرناتیڤێك بۆ بەڕێوەبردنی دیموكراتییانەی دەسەڵات. بەڵام
لەوەشدا ئیخوان تا ئێستا خۆی بۆ ساغ نەكراوەتەوە لە كاتێكدا ھەندێك حیزبی ئیسلامی
دیكە لەمێژە ھەڵوێست و ڕای خۆیان لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە و وتوویانە كە شورای
ئیسلامی و بە كۆمەڵ بەڕیوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سیستمی دیموكراتیدا دوو شتی
جیاوازن و، رەتیان كردۆتەوە.
ئیخوان خۆیان
ڕایان وایە كە نزیك بوونەوەیان لە دیموكراتی نزیك بوونەوەیەكە
گۆڕانكارییە سیاسییانە سەپاندوویەتی
بەسەریاندا. واتە: ئەوان
دیموكراتییان ناوێ، بەڵام كە دیموكراتییان ئەوێ لەبەر ئەوەیە كە دیموكراتی خزمەت
بەوان ئەكات و بوونیان لە مەیدانی سیاسییدا بەھێزتر بكات. لە لایەكی دیكەشەوە
ئامانجە سیاسییەكانیان بۆ بێنێتەدی. بە كورتی ئیخوان پێیان وایە بەرژەوەندی سیاسی
پاڵی پێوەناوون كە دیموكراتی قبوڵ بكەن.
ئیخوان پێیان
وایە كە مامەڵە كردنیان لە گەڵ دیموكراتی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە دیموكراتی وەك
ململانێیەكی دەرەكی لەبەردەمیان قوت بۆتەوە و، ناچارن مامەڵەی لە گەڵدا بكەن و،
دیموكراتی پێداویستی ناو ڕیزەكانی ئیخوان و ناو كار و بزاڤی ئیخوان نییە تا ھەموو
ھەوڵێك بدەن بۆ جەسپاندنی لە كۆمەڵگە و لە دەروونی ئەندامەكانیاندا.
ئیخوان
ئەوەندەی دیدوبۆچوون و ووتار و ستراتیژییەتی بەرامبەر بە كاری توندوتیژی
و بەكارھێنانی توندوتیژی بۆ گەیشتنە دەسەڵات ئاشكرایە، ھێندە دیدوبۆچوونی بەرامبەر بە
دیموكراتی ئاشكرا نییە. لەبەر ئەوەیە كە خەڵكانی دیكە ئیخوان وەك حیزبێكی ھەل پەرست
لە قەڵەم ئەدەن و، ئەڵێن: "ئیخوان دیموكراتی وەك ئامرازێكی بواری كاركردنی سیاسی و
دەستاودەست كردنی دەسەڵات پێ قبوڵە. بەڵام لە تەنزیم و كاری ناوخۆی حیزب و، داڕشتنی
كەسایەتی ئەندامەكانیدا پێی قبوڵ نییە".
ھەڵگرانی
بیروھزری دیموكراتی پێیان وایە كە ئەبێ دیموكراتی وەك فەلسەفە و بنەماكانی ڕەوشت و
كەسایەتی مرۆڤەكان و یەكسانییان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەدا
ئاشكرا بێت و ھیچ لێڵییەكی تێدا
نەبێت. نابێ لە گەڵ تاكتیكی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبایەتی
و ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی
سیاسی تێكەڵ بكرێت. ئیخوان داوا لە ڕژێمەكان ئەكات
كە بواری بەشداری كردنی لە ھەڵسوڕان و ھاوكێشەی سیاسیدا بۆ بكەنەوە و، لە واقیعیشدا
ئیخوان لە بواری كاری ساندیكایی و چوونە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانەوە جێدەستی دیارە و،
ئەیەوێ ئەوە بسەلمێنێت كە دیموكراتی پێ قبوڵە و بڕوای پێی ھەیە.
ئەوەی كە
زیاتر لێڵی لە ھەڵوێستی ئیخوان بەرامبەر بە دیموكراتی دروست كردووە ئەوەیە كە لە
لایەكەوە ئیخوان بانگەوازی دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی ئەكات و، لە لایەكی
دیكەشەوە ئەیەوێ ئەو ئامانجە لە ڕێی دیموكراتییەوە بێنێتەدی و، ھەوڵیش ئەدات كە
خەڵكی، بە موسوڵمان و غەیری موسوڵمانەوە. بڕوایان پێ بكەن.
عەلمانییەكان
دان بەوەدا ئەنێن كە سەركردایەتی ئیخوان لە میسر و ووڵاتانی دیكەدا كاریان بۆ بە
دیموكراتی كردنی ھەندێك دیاردەی ناو كۆمەڵگە كردووە و، نوێنەرەكانیشیان لە پەرلەمانەكاندا
لەسەرخۆن و شارستانییانە وەك نوێنەرەكانی عەلمانییەكان ھەڵسوكەوت ئەكەن، بەڵام پێیان
وایە ھێشتا ناتوانرێت پێیان بووترێت كە سایەی دیموكراتیان بەسەرەوەیە و، دیموكراتین.
سەبارەت
بەوەی عەلمانییەكان پێیان وایە كە ئیخوان دیموكراتی نین، ئیخوانییەكان لە میسر و ووڵاتانی
دیكەی جیھانی ئیسلامدا ئەڵێن كە تا ئێستا لەو ووڵاتانەدا تۆوی دیموكراتی سەوز نەبووە
و، ڕژێمەكان ڕێگە نادەن كار بە سیستمی دیموكراتی بكرێت و، ئازادییان لە خەڵكی زەوت
كردووە. ئیتر لە كەشوھەوای ئاوادا چۆن ئیخوان ئەتوانێی دیموكراتی بێت و، دیموكراتی
گەشە پێبدات؟ لەو ووڵاتانەدا ئیخوان بە تەنھا ناوچەسێنرێتەوە، بەڵكو حیزب و
كەسایەتییە دیموكراتی و نەتەوەییەكانیش ئەچەوسێنرێنەوە و بەربەست و ئاست تەنگییان
دەخرێتە بەردەم
و، ئیخوان ناتوانێت دیموكراتی بێت لە كاتێكدا كە بانگەوازكارانی دیموكراتی سەركوت
ئەكرێن.
لە نێوان
كێشمەكێشی بیروھزردا
ھەرچەندە
ئیخوان وەك حیزبێكی سیاسی شارستانییانە كار ئەكات و لە ناو كۆمەڵگەدا بزاڤی
سیاسییانەی بەرچاوی ھەیە، بەڵام ھەر بیروھزرە دینییەكە بەسەریدا زاڵە و، بگرە تاكە
تەرازووە كە ھەموو دیادەیەكی پێ پێوانە ئەكات و سەرچاوەی ھەموو ھەڵوێستەكانییەتی.
ئەوەش لە پەیوەندی كۆمەڵایەتی ناوخۆ و دەرەكیدا ڕەنگ ئەداتەوە. ھەروەھا لە ھەموو
گۆڕانكاری و دیاردەكاندا ڕۆڵی گرنگی خۆی ھەیە و، ئیخوان خۆی و تەنزیم و بزاڤەكەی لە
خزمەت ئیسلامدایە. بۆیە ئەبینین كە (3) كۆڵكەی گرنگ لە ووتاری ئیخواندا بەدی
ئەكرێن، ئەویش: دینی و فكری و سیاسییە. ھەر لەوێشەوە ئیخوان لۆمە ئەكرێت كە ووتارێكی
دیاری كراو و ئاشكرای نییە و، تێكەولێكەیەك ئەكات تیایدا و، ووتارە
دینییەكەی گشتییە و، ووتاری فكریی
پڕە لە بنەمای دژ بە یەك و، ووتاری سیاسیشی بە دوو جەمسەر ئەڕوات. لەبەر ئەوەیە كە
ئەووترێت ئیخوان بە درێژایی مێژووی
خۆی خاوەنی ئەو جۆرە ووتارە بووە و، مەبەستی
بووە كە گۆڕانكاریی تێدا نەكات.
ئیخوانی میسر
كە سەرچاوەی ئەزموونی ئیخوانەكانی
دیكەیە، بە گشتی پێی وایە قەیرانەكەی لە گەڵ ڕژێمی میسر قەیرانێكی
مێژووییە و، تا
ئەمڕۆش درێژە بە خەباتی بەرەنگار بوونەوەی ئەدات. لە لایەكی دیكەشەوە ئیخوان ئەیانەوێت
قەناعەت بە خەڵكی بكات كە ئەو قەیرانە پێوەندی كردووە و ناھێڵێت ووتاری سیاسی خۆی
پەرە پێبدات و، تەنزیم و كاروباری ناوخۆی حیزب و پەروەردەی ئەندامەكانی لەبەر ڕۆشنایی
دیموكراتییەتێكی تەندروستەوە بێت.
من
پێم وایە كە بیروھزر لە ناو ئیخواندا وەستاوە و، كاری تەنزیمیش بەرەو
خاوبوونەوە ئەڕوات.
شارەزایانی كاروباری ئیخوان پێیان وایە ھەندێك ھۆكار ھەن
كە ئەو بارودۆخەیان سەپاندووە
بە سەر ئیخواندا، لەوانە:
یەكەم: ئەو
كلتورە فیقھییەی كە
ھەیەتی: ئەمەش دوو خاڵی تێدایە: یەكەم: گوشارێكی ناوخۆیی ھەیە
بۆ نوێ كردنەوەی ئەو كلتورە
و، ئەوانەی ئەم گوشارەیان دروست كردووە ئەڵێن كە ووتاری
ئایینی ئیخوان نەگۆڕاوە و ھەمان ووتاری حەسەن بەننایە كە لە كۆنگرەی پێنجەمی ئیخوان
لە ساڵی (1938)دا دای ڕشتووە. دووەم: ئیخوان ئەو توانایەی نییە كە سود لە ڕا فیقھییەكانی
دیكە وەربگرێت. بۆ نموونە: ڕای شێخ محمد غەزالی و شێخ یوسف قەرزاوی و، دیدوبۆچوونی
كەسایەتی وەك ڕاشد غەنووشی و عەبدوڵا نوفەیسی و حەسەن تورابی و، ئەوانەی دیكە كە
لەسەر ئیخوان حیساب ئەكرێن.
كەسێكی وەك
دوكتۆر عەبدوڵا نوفەیسی سەبارەت بە بیروھزری وەستاوی ئیخوان ئەڵێ: "ئیخوانی میسر
دوای لەسێدارەدانی سەیید قوتب ئەو پێشەنگییەی كەم بووەوە كە ھەیبوو و، ئەو كەمبوونەوەیە
لەویشەوە گوێزرایەوە بۆ تەنزیمەكانی دیكەی ئیخوان لە ووڵاتی شام، بە تایبەتی دوای
وەفاتی سەعید حەوا و ھەندێكی دیكە لە ڕابەرانی ئەو تەنزیمانە".
دوكتۆر نوفەیسی
بزاڤی بیروھزری ئیخوان لە ڕۆژی دامەزراندییەوە لە ساڵی (1928)دا تا سەرەتای
نەوەتەكان ئەكات بە سێ قۆناغەوە كە (3) گروپ لە سەرانی ئیخوان ڕۆڵیان تێدا بینیووە:
قۆناغی یەكەم حەسەن بەننا خۆی ڕۆڵی گەورەی تێدا بینیووە. قۆناغی دووەم سەیید قوتب
بووە و، قۆناغی سێیەم سەعید حەوا ڕۆڵی گرنگی تێدا بینیووە.
بەڵام دوكتۆر
نوفەیسی كە باسی قۆناغی سەعید حەوا ئەكات، ئەڵێ: "سەعید حەوا باشترین نموونە بووە
بۆ لێڵی بیروھزر و بزاڤی ئیخوان و، ئەو توند و ڕەقییە تیۆری و فكرییەی لەناو تەنزیمی
ئیخواندا ھەیە".
ڕاپۆرتێكی نوێی
ئەمریكایی لەسەر ئیخوان
"خەلیل
العنانی" توێژەرەوە لە بواری ئیسلام و سیاسەتدا لە لێكۆڵینەوەیەكدا بە ناوی (لاوانی
ئیخوانولمسلون)دا ئاماژە بۆ ئەوە ئەكات كە لاوانی ناو تەنزیمی ئیخوان ھەوڵی گۆڕانكاریی
ئەدەن، چونكە ئیخوان بەدەست نەبوونی ووتاری سیاسی و ھەڵوێست لە ھەندێك دیاردەی
سیاسی و بە ھاووڵاتی بوون و مەسەلەی دیموكراتییەوە گیری خواردووە. ئەو لێكۆڵینەوەیە
سەنتەری ئیسلام و دیموكراتی و جیھانی ئیسلامی سەر بە پەیمانگەی ھدسون لە مانگی
تشرینی یەكەمی ئەمساڵ (2009) بڵاوی كردۆتەوە.
لێكۆڵینەوەكە
ئاماژە بۆ ئەوە ئەكات كە ڕێژەی (28%) تاكەكانی كۆمەڵگەی میسری تەمەنیان لە نێوان
(15-28) ساڵدایە و، لە ناو ئیخوانیشدا ڕێژەی ئەو گەنجانەی گۆڕانكارییان ئەوێت زۆرە
و، ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگەی میسرییە و، ئیخوان خۆشی لە سەرەتاوە گەنج دروستی كردووە و،
حەسەن بەننا خۆی تەمەنی (22) ساڵ بووە كە ئەو بزاڤەی دامەزراندووە.
لێكۆڵینەوەكە
نەوەكانی ناو ئیخوانی ئەكات بە چوار بەشەوە: یەكەم نەوە ئەوانەن كە لوتكەی ھەیكەلی
تەنزیمەكە دانیشتوون و گۆڕانكارییان پێ قبوڵ نییە و، تا ئێستاش لە ژێر كارتێكردنی
سەردەمی ناسرییەكاندان. تەمەنی ئەمانە لە نێوان (60-80) ساڵی دایە. دووەم: پراگماتییەكان:
ئەوانەی لە قۆناغی ئاشت بوونەوە
لە گەڵ ڕژێمدا دروست بوون. سێیەم: لاسایی
كەرەوەكان: ئەوانەن كە لە سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی لە گەڵ ڕژێمی حوسنی موبارەك لە
سەرەتای نەوەتەكاندا پێگەیشتوون. ئەوانە پێیان باشە كاری ئیخوان بچێتەوە قۆناغی
نھێنی و داخراو. چوارەم: گەنجە نوێیەكان: ئەمانە تەمەنیان لە نێوان (20-30) ساڵی
دایە
و، زۆربەیان خەڵكی ناو شارەكانی وەك قاھیرە و ئەسكەندەرییەن و، زیاتر بە ڕووی كاری
سیاسیدا كراوەن و، ئەیانەوێ كە ئیخوان زیاتر بچێتە ناو ھاوكێشەی سیاسییەوە. ئەم
لاوانە ئەیانەوێت كە ئیخوان ببێتە حیزبێكی سیاسی و ھەوڵ بدات دەوڵەتێكی دیموكراتی
مەدەنی دروست بكات.
لێكۆڵینەوەكە
باس لەوەش ئەكات كە لاوەكانی ناو تەنزیمی ئیخوان دركیان بەوە كردووە كە كرانەوەی
زیاتر بە ڕووی ھاوكێشەی سیاسیدا بواری كاركردنی دەستەجەمعی لە گەڵ حیزب و لایەنەكانی
دیكەی ئەو كۆمەڵگانە ئەڕەخسێنێت كە ئیخوان كاری تێدا ئەكات. ئەوەش كارێكی وا ئەكات
كە سود لە چۆنیەتی قبوڵكردنی چەپی و ڕەوتەكانی دیكەی دیموكراتی وەربگرن و، لە گەڵیاندا
بچنە ناو بەرەیەكەوە و پێكەوە كار بكەن.
ئەو لاوانە
ئەیانەوێت بەرز بوونەوەیان لە كاری تەنزیم و بزاڤدا بە پێی ھەوڵ و ماندوو بێت نەك
بە وپێی نزیك بوونەوە بێت لە سەركردایەتی و پاسەوانە كۆنەكان. ھەروەھا ئەو لاوانە
گلەیی ئەوە لە سەركردایەتی ئیخوان ئەكەن كە بە ھۆی سیاسەت و ھەڵوێستی ئەوانەوە، ئەوانیش
كاری دەعوە و كاری سیاسییان ئەو كارتێكردنەیان وەك پێویست لە كۆمەڵگەدا نییە. |