|
سەرەتای
بەربەست دانان بۆ چاكسازییەكەی نێچیرڤان بارزانی
(24/1/2010)...ھەر
حیزبێك كۆن بوو و خۆی بە ووزە و توانای گەنجەكانی نوێ
نەكردەوە، لە ناوەوە داخوران دەست پێئەكات و، ئەگەر نەبن بە
چەند باڵێكەوە، بەلای كەمەوە دوو باڵی دژ بە یەك دروست ئەبن.
باڵێك كە پێیان ئەڵێن "پاسەوانی دێرین - الحرس القدیم" و باڵێك
كە پێیان ئەڵێن "نوێخواز". باڵی پاسەوانی دێرین پێی وایە ئەگەر
ئەو نەبێت حیزب ھەڵئەوەشیتەوە و دوژمن و ناحەزەكانی پێی خۆش
ئەبن. باڵی نوێخوازیش خۆیان بە خاوەنی ئەو حیزبە ئەزانن و، بە
مافی خۆیانی ئەزانن كە ئەوانیش ڕابەرایەتی حیزب بكەن و خۆیان
لە پلەكانی باڵای بەرپرسیارێتیدا ببیننەوە.
بە پێی ئەزموونی حیزبەكانی كۆن و
نوێی ئەم مرۆڤایەتییە، پاسەوانی دێرین ھەروا بە ئاسانی دەست بەرداری
پلە و پایەی خۆیان نابن و، چنگ ئەگرن بەسەر ھەموو جومگە ھەستیارەكانی
حیزبدا و، ھەوڵ ئەدەن گەنجەكان بە قسە و فەلسەفەی زل لە ھاتنە
سەرەوە دوابخەن. ئەگەر نەشیانتوانی ھاتنە پێشەوەیان بوەستێنن،
بە تێكدەر و لادەر و خاین لەقەڵەمیان ئەدەن ھەروەك چۆن جەلال
تاڵەبانی لە ڕاپۆرەتەكەیدا بۆ پلینۆمی یەكێتی نەوشیروان مستەفای
كردە بەرپرسی كیمیابارنی ھەڵەبجەی ساڵی 1988.
كەشوھەوای ئەمڕۆی ھەرێمی
كوردستانی عێراق زۆر لەبارە بۆ پەیدا بوونی باڵی جیاواز لەناو
حیزبەكاندا. ئەمڕۆ قۆناغی شۆڕش و شەڕی براكوژی نییە تا ئەندامان
و پێشمەرگەكانی حیزبیان پێوە سەرگەرم بكرێن و فریای پێداچوونەوە
نەكەوون بە سیاسەت و سیترتیژییەتی حیزبدا. ئەمڕۆ لە ھەرێمی
كوردستانی عێراق ململانێیە لەسەر دەسەڵات و دەستەكەوتە
ئابوورییەكان. لە ھەرێمی كوردستان دوو جۆر ململانێ ھەیە،
یەكێكیان ململانێی گەیشتنە ناو پەرلەمان و حكومەتی ھەرێم و،
دووەمیان ململانێیە بۆ گەیشتنە ناو پەرلەمان و حكومەتی ناوەندی
عێراق. سەركردایەتی حیزبەكان ئەم دوو بوارەیان بۆ خۆیان پاوان
كردووە و، ئەوەی خۆیان پێیان خۆش نەبێت لە ناو حیزبدا نایبەنە
پێشەوە بۆ ئەو دوو بوارە.
نێچیرڤان بارزانی ماوەیەك پێش كۆتایی
ھاتنی كاری خۆی و حكومەتەكەی ڕایگەیاند كە ئەیەوێت چاكسازی لە
دامودەزگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بكات. ئەم ڕاگەیاندنە
ترس و لەرزێكی باشی لەناو دەزگا حیزبییەكانی پارتیدا دروست كرد
و، زەنگێكی لەپڕ بوو بۆ سەركردایەتی پارتی، بە تایبەتی كە لەناو
یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا نەوشیروان مستەفا ئەو ھەنگاوەی
نابوو و، پارتی زۆر بە ووردی بە دوای قۆناغی جیابوونەوەی نەوشیروان
مستەفا و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتییەوە بوو و، ووردەكارییەكانی
لای خۆی تۆمار كردووە.
بە ڕای ئێمە لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی
سیاسی لە نەرویج ئەو گۆچان ڕاوەشاندنەی نێچیرڤان بارزانی لە
گۆچان ڕاوەشاندنەكەی نەوشیروان مستەفا مەترسیداتر ئەبێت.
نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لە بنەماڵەی بارزانی و، كوڕی ئیدریسی
برا گەورەی مەسعود بارزانییە. بە پێی داب و نەریتی بنەماڵەی
بارزانی ، ئەبوو نێچیرڤان بارزانی میراتگری باوكی بووایە.
ئەگەر لە كاتی مردنی باوكیدا نێچیرڤان بارزانی منداڵ نەبووایە،
گومانی تێدا نەبوو كە ئەبووە جێنشینی باوكی.
ڕەنگە ھەندێك ڕەخنەی ئەوەمان
لێبگرن كە كە كاتێك باسی داب و نەریتی عەشایەری ئەكەین، نەمان
پێكابێت. بەڵام ئەگەر ئێستا سەیری ئەو ڕەنگە بكەین كە مەسعود
بارزانی ئەیڕێژێت ئەبینین كە كوڕەكانی خۆی ھەر یەكە لە جێیەكی
ھەستیار داناوە و، ڕادەستدانی حیزبەكەی بۆ مسۆگەر كردوون.
لەبەر ئەوە نێچیروان بارزانیش ناحەقی نییە ئەگەر پەلە بكات.
بانگەوازی چاكسازی نێچیرڤان
بارزانی ھەرچەندە زوو بوو، بەڵام ئێمە پێمان وایە كاریگەرییەكی
بەرچاوی ئەبێت بەوەی یان ئەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی
مەسعود بارزانی قبوڵی بكەن، یان خۆیان بۆ شەڕێكی ساردی درێژخایەنی
خزمایەتی و حیزبایەتی ئامادە بكەن. ئەگەر مەسعود بارزانی و كوڕەكانی
بەشیان بەو میراتە سیاسییەی مەلا مستەفای بارزانییەوە ھەبێت،
خۆ نێچیرڤان بارزانی عەرەب واتەنی "ئەولاترە" پێی. كەواتە
بیركردنەوەی پارتی و مەسعود بارزانی لە پەراوێز كردنی نێچیرڤان
بارزانی كارەساتێك بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی دروست ئەكات.
مەسعود بارزانی باوكی نێچیرڤان نییە تا لە ھەموو جۆرە میراتییەك
بێ بەری بكات. نێچیرڤان بارزانی نەك ھەر لە كوڕەكانی مەسعود
بارزانی كەمتر نییە، بەڵكو لە مەسعود بارزانی و كورەكانی
مەسعود بارزانیش لەپێشترە.
داخستنی
نووسینگەی (دیندار زێباری)ی ڕێكخەری ھەرێم بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان
سەرەتایەكە بۆ كۆنترۆل كردنی جموجوڵ و چالاكییەكانی نێچیرڤان
بارزانی. ئەوەی كە زیاتر كێشەكە خەست ئەكاتەوە بەشداریكردنی
سەرۆكی ھەرێم و جێگرەكەیەتی لەو كۆنترۆڵ كردنەدا. چونكە ئەو ھەواڵانەی
بۆ ڕاگەیاندن دزەیان كردووە باس لە ئاگادار بوونی مەسعود
بارزانی ئەكەن لە كۆنترۆڵ كردنی جموجوڵی نێچیرڤان بارزانی.
ئەو بەیاننامەی دیندار زێباری
لەسەر داخستنی نووسینگەكەی خۆی دەری كردووە نیشانەی سەرەتای باڵ
قرتاندنی نێچیرڤان بارزانییە. ئەگەر بە ووردی لە خاڵی ھەشەتەمی
ئەو بەیاننامەیە وورد ببینەوە ئەو گومانەمان نامێنێت كە مەسعود
بارزانیش ئاگای لە ووردەكارییەكانی بڕیاری داخستنی ئەو نووسینگەیە
ھەیە.
خاڵی ھەشتەمی بەیاننامەكەی
دیندار زێباری ئاماژە بۆ ئەو بڕیارە ئەكات خۆی واتەنی (ئازاد
بەرواری) و (نووری عوسمان) دەریان كردووە. دیندار زێباری لە خاڵی
ھەشتەمی بەیاننامەكەی خۆیدا ئاماژە بۆ ئەوە ئەكات كە ئەو دووانە
بڕیاریان داوە كە: "نابێت بڕیارەكانی كابینەی پێنجەم كە ڕێزدار
نێچیرڤان بارزانی بۆ بەھێزكردنی پێگەی ھەرێم لەناو دامودەزگا
نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان دەری كردبوون، جێبەجێ
بكرێت و دەبێت ھەڵوەشێتەوە و ئەو ئاستەی كە نوێنەرایەتی پێ
دەكرا لەسەر ئاستە نێودەوڵەتییەكان دەبێت نەمێنێت". ئازاد بەرواری
ئەوەش بە فەوزای سەردەمی نێچیرڤان بارزانی ناوئەبات و پێی قبوڵ
ناكرێت.
بەكارھێنانی ووشەی (فەوزا) بە ڕووی
نێچیرڤان بارزانیدا ئەگەر سەرۆكی ھەرێم ئاگای لێ نەبێت، جێی
قبوڵ نییە، بە تایبەتی كە ئاڕاستەی كەسێكی بنەماڵەی بارزانی و
كەسایەتییەكی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان ئەكرێت. |