.

 

سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له‌ نه‌رویج

SETERY LEKOLINEWEY SIASY - NORWAY

به‌رپرس: خالد ڕه‌نجده‌ر  دامه‌زراندن: (3/12/2001)

 

 
     
 

بزاڤی سەلەفیەت و سیاسەت

(24/11/2009)...كاتێك باسی سەلەفییەكانی ئەمڕۆ و سیاسەت ئەكرێت چەندین لێكدانەوەی جیاواز سەر ھەڵ ئەدەن. ھەندێك لە موسوڵمانان شارەزان و ئەتوانن بزاڤی سەلەفیەتی ڕاستەقینە لەو گروپانە جیابكەنەوە كە خۆیان بە سەلەفیەتدا ھەڵواسیووە و، ئیدعای سەلەفیەت ئەكەن. بەڵام ھەندێكی دیكە ھەن ئەو توانایەیان نییە و، ھەرچی ووتی من سەلەفیم باوەڕی پێ ئەكەن. ھەندێكیش وا تێگەیشتوون كە سەلەفیەت ھیچ پەیوەندییەكی بە سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە نییە و، خەڵكی سەلەفی ئەو مەسەلەیان بۆ دەسەڵاتداران بەجێھێشتووە. لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریشدا تا ڕادەیەكی بەرچاو بزاڤی سەلەفیەت و دەوڵەتی سعودیە لە یەكتر جیاناكرێتەوە و، ھەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئەو دەوڵەتە بە ھەڵوێستی سەلەفیەت ئەزانن و، ھەردووكیان بە ئەمریكاوە ئەبەستنەوە، چونكە سعودیە ھاوپەیمانی ئەمریكایە.

ئێمە لەو باوەڕەداین كە ئەو كەسانەی سەلەفیەت و سعودیە تێكەڵ بە یەكتر ئەكەن، بزاڤی سەلەفیەت و جموجوڵی مەدخەلییەكان پێكەوە ئەبەستنەوە و، ئەڵێن مادام مەدخەلیزم باڵێكە لە دەسەڵاتدارانی سعودیەیە، مانای وایە سەلەفیەت و ئەو دەوڵەتە یەك قەوارەن. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە كە ئەوانەی شارەزان بتوانن ئەو دوو ڕەوتە لە یەكتر جیابكەنەوە و، ھەر یەكەیان وەك خۆی بە خەڵكی موسوڵمان بناسێنن.

كیشەكە تەنھا لەوەدا نییە كە بزاڤی سەلەفیەت و مەدخەلیزم تێكەڵ بە یەكتر ئەكرێن، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە كە بزاڤی سەلەفیەتیش خۆی بە چەند دوو ئەڕوات. ڕەوتێكیان قەناعەتی بە كاری تەنزیمی و حیزبایەتی نییە و، زاناكانیان ھەوڵ ئەدەن بیروھزری سەلەفیەت لەناو ڕەشە خەڵكی موسوڵماندا بڵاو بكەنەوە و ، موسوڵمانان خۆیان شوێن ئەو بزاڤە بكەوون. ڕەوتەكەی دیكە قەناعەتی بە  كاری تەنزیمی ھەیە و، زانا و داعییەكانیانی پێیان وایە ئەبێ لە ڕێی تەنزیمەوە خەڵكانێك پەروەردە بكرێن كە ڕاستەوخۆ كار بۆ ئەو بزاڤە بكەن و، ڕابەرانی ئەو بزاڤە بزانن بیروھزریان بە كوێ گەیشتووە و، دڵنیا بن لەوەی كارەكەیان بەرھەمی ھەیە. ئەم ڕەوتە پێی وایە نابێ ھەوڵ و ماندوو بوونی كەسەكانی پەرت و بڵاوبێتەوە. ئەم ڕەوتە زیاتر سەلەفییە جیھادییەكان ئەگرێتەوە.

سەلەفییەت و دیموكراتی:

سەبارەت بە سەلەفیەت و دیموكراتیش، ھەندێك ئەڵێن كە دیموكراتی بە ھیچ شێوەیەك لە فەرھەنگی و عەقیدەی سەلەفییەتدا جێی نابێتەوە. لە بەرامبەریشەوە بزاڤی ئیخوانولمسلمون ھەیە كە قەناعەتیان بە كاری تەنزیمی و چوونە ناو پەرلەمان ھەیە بۆ دروست كردنی گۆڕانكاری. ئەتوانین ئەوە بڵێین كە موسوڵمانان - جگە لە ھەندێكیان - لە نێوان ئەو دوو ڕەوتەی ڕابوونی ئیسلامیدا دابەش بوون. لە ھەندێك جێ ڕەوتی سەلەفییەت باڵی بەسەر كۆمەڵگەدا كێشاوە و، لە ھەندێك جێی دیكە ڕەوتی ئیخوان زاڵە.

ئەو باڵەی سەلەفییەت كە قەناعەتی بە كاری تەنزیمی ھەیە، وەك بیروھزر لە قەناعەتی ھەندێك لە تاكەكانی ناو حیزبە ئیسلامییەكانی دیكەشدا ھەیە. بەڵام پابەند بوونی تەنزیمی و لێپرسینەوە كارێكی وای كردووە كە خۆیان وەك سەلەفی نیشان نەدەن.

ئیخوانی میسر باش ئەزانن كە ئەمریكا (ھەیمەنەتی) ھەیە بەسەر میسردا، بەڵام چوونەتە ناو ململانێ و گەمەی پەرلەمانەوە كە سەلەفییەكان پێیان وایە چوونە ناو ئەو گەمەیەوە بێ دانی باج نابێت و، باجەكەشی ھاتنە خوارەوەیە لە ھەندێك ئەحكامی شەرع كە ھەموو لایەك بە دەسەڵاتدار و كۆمەڵانی خەڵكی موسوڵمانەوە ئەبێ پابەند پێیانەوە و، بە ھیچ شێوەیەك و بۆ ھەندێك ئاسانكاری لە كاری ئیسلامیدا نابێت (تەنازولی) لێ بكەن.

ئەو كاتانەی كە ئەبینین سەلەفییەكان لە ئاست ڕەت كردنەوەی سیستمی دیموكراتیدا بێ دەنگن، مانای وانییە كە بێدەنگییەكەیان ڕازی بوونە بەو سیستمە. بە پێچەوانەوە، مانای ڕەت كردنەوەیەتی و ڕەت كردنەوەی ئەو جۆر دەوڵەتەیە كە دین و دەسەڵات لە یەكتر جیا ئەكاتەوە و، ئەیەوێت كۆمەڵگە تەنھا لە ژیانی ماددیەتدا بخولێتەوە. سەلەفییەت ئەو دەوڵەتەشی ناوێت كە ڕۆژئاوا بەرامبەری وەستاوەتەوە و نایەوێت جارێكی دیكە لە خاكەكەیدا سەر ھەڵبداتەوە كە ئەویش دەوڵەتی كاھینەكانە. لەو دەوڵەتەدا پیاوانی ئایینی نوێنەری خوان و، ھەموو ئەو دەسەڵاتانەی كە خوا ھەیەتی دراوە بەوان و، خۆیان لە سەرو مرۆڤەكانی دیكەوە داناوە.

بێدەنگی سەلەفییەت لە ئاست ڕەت كردنەوەی سیستمی دیموكراتی لە لایەن زۆر كەسەوە و بە جۆری جیاواز لێك دراوەتەوە. سەلەفییەكان پێیان وایە كە ئەو كەسانە ئەو بێدەنگییەی سەلەفییەكان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان لێك ئەدەنەوە. یەكێك لەوانەی كە ڕەخنە لە سەلەفییەكان ئەگرن، ئیخوانە. بەڵام سەلەفییەكان لێدوانێكی (حەسەن ھوزەیبی)ی ڕابەری كۆچكردووی ئیخوان دێننەوە كە لەسەر یەكەم یاسای مەدەنی میسری كە كاتی خۆی داویەتی و، عومەر سلێمان ئەشقەر لە كتێبەكەیدا (شەریعەتی خوا نەك پیادەكردنی یاسای جاھیلییەت) ھێناوویەتییەوە. لەوێدا حەسەن ھوزەیبی ڕوو بە ڕووی (سەنھوری)ی داڕێژەری ئەو یاسایە قسە ئەكات.

سەبارەت بە یاساكە حەسەن ھوزەیبی ئەڵێ: ئەمەوێ ئەوە بڵێم كە من ڕایەكی دیكەم ھەیە لەسەر تەواوی مەسەلەكە، نەك تەنھا ئەو یاسایە. ئەو ڕایەش باوەڕە و گۆڕانكاریی بۆ نییە و، داواكارم لە خوای گەورە لەسەر ئەو باوەڕە بە لیقای خۆییم بگەیەنێت. من تا ئێستا ھیچ شتێكم لە بارەی ئەو یاسایەوە نەوتووە و، ڕاشم وایە ھیچ گفتوگۆی لەسەر نەكەم، چونكە ھاوڕێی خۆشەویستم (سادق فەھمی) ئەو ڕاستكردنەوەی بۆ بڵاوكردمەوە كە لەو بارەیەوە كردوومە. ڕاستكردنەوەكەش ئەوەیە كە وتوومە: (یاسا دانان لە ووڵاتی ئێمە و لە ژیانی ھەمووماندا ئەبێ بە پێی حوكمەكانی قورئان بێت. كاتێكیش ئەڵێم (قورئان) مەبەستم سوننەتی پێغەمبەری خواشە (صلى الله عليه وسلم)، چونكە گوێ ڕایەڵی ئەو گوێ ڕایەڵی خوای گەورەیە. واتە: قورئان و سوننەت.

بەردەوام ئەڵێ: ئەبێ ئەو دووانە سەرچاوەی ھەموو یاسایەك بن و، ھەر كاتێك ویستمان لە سەرچاوەیەكی دیكەوە یاسا وەربگرین ئەبێ بەراووردی بكەین بە قورئان و سوننەت. خوای گەورە لە سورەتی النسادا و لە ئایەتی (59)دا ئەفەرمووێ: (فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُول). واتە: ئەگەر لەسەر مەسەلەیەك جیاوازیتان تێكەوت، بیگێڕنەوە بۆ خوا و پێغەمبەرەكەی. ئەگەر ئەو یاسایانە بە پێی قورئان و سوننەت بوون ئەوا وەریان ئەگرین و، ئەگەر نا ڕەفزیان ئەكەینەوە.

ھەروەھا ئەڵێ: لە شەرعدا فەرمان كردن و، نەھی كردن و، سەرفی نەزەر كردنە. (وَمَا آتَاكُمْ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا/الحشر:7). ھەرچی كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ھێناوویەتی وەری بگرن و، ھەرچی نەھی لێكردووە، ئێوەش نەھی لێبكەن و مەیكەن. مەسەلەی سەرفی نەزەریش ئەوەیە كە ھەرچی (موباحە) وازی لێبێنین بۆ وەلی ئەمر كە بە پێی بەرژەوەندی ھەڵسوكەوتی لە گەڵدا بكات. لەبەر ئەوە من نامەوێ لەسەر ئەو یاسایە گفتوگۆ بكەم، چونكە دەركردنی ئەو یاسایە و دەرنەكردنی لای من وەك یەكە مادام لەسەر ئەو بنەمایانە دەرنەچووە لە باسم كردن.

ھەندێك لە سەلەفییەكان سەبارەت بە بوونی ئەو ماددەی لە دەستورەكاندا ھەیە و ئەڵێ: (شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی سەرەكییە لە دانانی یاسادا)، ڕایان وایە كە بوونی باشترە لە نەبوونی، چونكە لابردنی ئەو ماددەیە مانای پیادەكردنی عەلمانییەتی تەواوە. ھەرچەندە ئەو ماددەیە تا ئێستا لە ھیچ ووڵاتێك لە ووڵاتانی جیھانی ئیسلام پیادە نەكراوە، بەڵام بوونی لەوەدا باشترە كە ھەنگاوێكە بۆ چاكسازی لەو دەستورانەدا. ئەم ڕایەی سەلەفییەكان كارێكی وای كردووە كە غەیری خۆیان پێیان وابێت كە ئەوانیش جۆرێك لە دیموكراتییان پێ قبوڵ بێت.

سەبارەت بە بێدەنگی سەلەفییەكان لە سەر مەسەلەی دیموكراتی، خۆیان ئەڵێن كە بێدەنگییەكەیان لە ڕەفزكردنەوەی دیموكراتییەوە سەرچاوەی گرتووە، نەك لەوەی كە ھەندێك لایەن بەوە لێكی ئەدەنەوە كە سەلەفییەكان پرۆژەی چاكسازییان نییە. پرۆژەی سەلەفییەكان تەواو ئەو پرۆژەیە كە شەرع دایناوە و، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلام/َالمائدة:3). ئەمڕۆ دینەكەم بۆ كامڵ كردن و نیعمەتەكانی خۆمم بۆ تەواو كردن و ئیسلامم كردە ئەو دینەی كە ئەبێ شوێنی بكەون.

سەلەفییەكان لە پێگەكەی خۆیاندا لەسەر تۆڕی ئێنتەرنێت ئەڵێن: ئەوە ڕای ئێمەیە بەرامبەر ئەو دەنگانەی داوای سۆشیالیستی و لێبراڵی و بیروھزری دیكە ئەكەن. ھەروەھا سەلەفییەكان ئەڵێن كە ئەوان بێ ئاگا نین لەو گۆڕانكارییانەی كە ڕۆژانە لەم جیھانەدا دروست ئەبن و، جگە لە عیبادەتەكان ڕای تایبەتی خۆیان ھەیە بۆ نموونە لەسەر: كێشەی بێكاری و قەیرانی ئابووری و تەندروستی و وەرزش و مەسەلەی ژنان و كێشە كۆمەڵاتی و سیاسییەكان و بوارەكانی دیكە كە پەیوەندییان بە خودی مرۆڤ و كۆمەڵگەوە ھەیە.

بە كورتی سەلەفییەكان ئەڵێن: (ئێمە كامڵترین پرۆژەی چاكسازیمان پێیە و، دوور كەوتنەوەمان لە گفتوگۆ لەسەر مەسەلەی دیموكراتی بۆ ئەوەیە كە مەنھەجەكەمان وەك خۆی بە پاكی بمێنێتەوە و، ھیچ بیروھزرێكی دیكەی تێكەڵ نەبێت). ھەروەھا ئەڵێن: (ئێمە نامانەوێ وەك ھەندێك لە ئیسلامییەكانی دیكە خۆمان بە كێبڕكێی وەرزشەوە خەریك بكەین و جەماوەری وەرزش ھان بدەین و، ئۆممەتی موسوڵمانمان لەبیر بچێتەوە).

نواف القدیمی و سەلەفییەت:

نواف القدیمی یەكێكە لە نووسەرەكانی ئەم سەردەمەی عەرەب و، دوكتۆر (خالد الدخیل)ی سعودی مامۆستای یاریدەدەری زانستی كۆمەڵناسی سیاسی لە زانكۆی مەلیك سعود باس لە كتێبەكەی ئەكات بە ناوی (اشواق الحریە) و، لە مانگی نیسانی (2009)دا ئەنووسێ كە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا نواف القدیمی بۆ پێشانگەیەكی كتێب بانگھیشتی كردم و پێی ووتم كە دار نەشرێكی نوێ دامەزراوە و ئەو سەرپەرشتی ئەكات. دوای چوونی بۆ پێشانگاكە نواف ھەندێك كتێبی بە دیاری پێشكەش ئەكات، لەوانە كتێبێكی خۆی كە پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد.

دوكتۆر خالد بەردەوام ئەڵێ: ئەو كتێبە باس لە ڕا و بۆچوونی سەلەفییەكان ئەكات بەرامبەر بە دیموكراتی و، دانەری كتێبەكە پێی وایە توانیوویەتی ھەندێك كێشە لەو بارەیەوە چارەسەر بكات. نواف ھەوڵی داوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە زیاتر لە لایەن سەلەفییەكانەوە ئەكرێن سەبارەت بە دیموكراتی، چونكە وەك نواف ئەڵێ، ئەوان زیاتر لە ھەموو كەسێك دژ بە دیموكراتین.

یەكێك لەو پرسیارانەی نواف لە كتێبەكەیدا ئەیورووژێنێت ئەوەیە كە كێ دەسەڵاتی چەسپاندنی شەریعەتی ھەیە؟ ئایا ئوممەتە یان كەسی دەسەڵاتدار؟ ھەر خۆشی وەڵامێكی سەرەتایی ئەداتەوە و ئەڵێ: (ئوممەت زیاتر پابەندترە لە تاكی دەسەڵاتدار بەوەی شەریعەت بچەسپێنێت). دوكتۆر خالد ئەڵێ: (لێرەدا ئەو ترسە ھەیە كە چەسپاندنی دیموكراتی سەر بكێشێت بۆ بركدانی شەریعەتی ئیسلام، بۆیە نواف ئاماژە بۆ ئەوە ئەكات كە سەلەفییەكان داوای ئەوە ئەكەن كە حیزبی ئیسلامی لە مەسەلەی دیموكراتیدا دژ بوەستێتەوە و، ھەوڵ بدات مەسەلەكان بگێڕێتەوە سەر رەوڕەوەی سروشتیی خۆی).

نواف پێی وایە ئەگەر زۆرینەی میللەت دیموكراتی قبوڵ كرد مانای وایە كە ئەو میللەتە ناسنامە ئیسلامییەكەی خۆی لەدەست داوە. یان ئەوەیە ڕای بەرامبەر بە ناسنامەكەی خۆی گۆڕڕاوە و، سەرەنجامی ھەردووكیان قبوڵ كردنی دیموكراتییەتە.

دوكتۆر خالد ئەڵێ بە پێچەوانەی نواف القدیمییەوە ناتوانرێت دیموكراتییەت بێ عەلمانییەت بچەسپێنرێت، چونكە دیموكراتییەت باس لە ئازادی تاك و ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و عەقیدە و ئازادی ڕادەربڕین ئەكات. دیموكراتی تەنھا باس لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەسەڵات ناكات، بەڵكو باسی فەلسەفە و دیدوبۆچوونی تاكەكانیش ئەكات سەبارەت بە مافەكانیان لەوەی كە جیاواز بیر ئەكەنەوە، چونكە تاك بوونی خۆی وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ لەناو كۆمەڵگەدا ھەیە و، دیموكراتییەتیش مانای وایە میللەت بە كۆی تاكەكانییەوە سەرچاوەی دەسەڵاتە. لەبەر ئەوە چەسپاندنی دیموكراتییەت پێویستی بە بەعەلمانی كردنی دەوڵەت ھەیە تاكو ھاوكێشەی سیاسی ناو كۆمەڵگە ئاڕاستە بكات. ئەوەش لە بیروھزری نواف القدیمی جیاوازە كە ئەڵێ ئەتوانرێت بێ بە عەلمانی كردنی دەوڵەت دیموكراتییەت پیادە بكرێت.

دوكتۆر خالد ئەڵێ: بەھەرحاڵ، نواف القدیمی توانیوویەتی بیروھزری سەلەفیەت سەبارەت بە دیموكراتی بخاتە ھەڵوێستێكی پڕ كێشەوە. نواف پێی وایە كە سەلەفییەكان كەوتوونەتە ڕەتكردنەوەی دیموكراتییەت بێ ئەوەی ئەڵتەرناتیڤێكیشیان ھەبێت كە دادپەروەری دەستەبەر بكات و، مافی خەڵكی بەھەدەر نەڕوات. بەڵام سەلەفییەكان خۆیان پێیان وایە كە ئەوانیش خاوەنی پرۆژەیەكی گۆڕانكاری سەركەوتوون.

یەكێك لەو پرسیارانەی دیكە كە نواف ورووژاندویەتی باس لە قبوڵكردنی دەسەلاتی فەرمانڕەوا ئەكات و ئەڵێ: ئایا ئەبێ دەسەڵاتی (دەسەڵاتداری زۆردار) قبوڵ بكرێت، یان ڕوو بكرێتە توندوتیژی؟ ئایا سنووری كوفری بواح لای سەلەفییەكان چۆنە؟ ئایا ئەبێ ئوممەت داپڵۆسین و دزینی سامان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و پێشێلكردنی سنوورەكانی خوا قبوڵ بكات بە بیانووی قبوڵكردنی دەسەڵاتی زۆردار كە خۆی كردۆتە وەلی ئەمر؟ ئایا ئەبێ قبوڵكردن یان نەكردنی دیموكراتی لە مەسەلەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا قەتیس بمێنێت و، كەس بۆی نەبێت باس لە سنووری دەسەڵاتی وەلی ئەمر و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و مەسەلەی شورا بكات؟

ھەڵوێست لە دیموكراتی وەك سیستم و وەك بوونی لە واقیعدا:

زۆربەی ڕەوتەكانی سەلەفییەت كاتێك باسی دیموكراتییەت ئەكەن جیاوازی ئەخەنە نێوان دیموكراتییەت وەك بوونێك لە واقیعی ئەمڕۆی خەڵكیدا و، لە نێوان دیموكراتی وەك سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەزگاكانی دەوڵەت. ئەم جیاوازی خستنە نێوان دیموكراتی واقیع و دیموكراتی وەك سیستم لە لایەن سەلەفییەكانەوە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەوان لە دیموكراتی واقیعدا (مەسڵحەت و مەفسەدەت) لێك ئەدەنەوە. بەڵام لە دیموكراتییەتی سیستمدا لەسەر بناغەی عەقیدە لێكی ئەدەنەوە. لە گەڵ ئەو دوو لێكدانەوە جیاوازەشدا ھەندێك لە سەلەفییەكان لە لایەنی عەقیدەوە حوكم ئەدەن بەسەر دیموكراتییەتی واقیعیشدا و، ھەردووكیان ڕەت ئەكەنەوە.

مەدخەلییەكان لە مەسەلەی دیموكراتیدا دیدوبۆچوونیان لە بوارێكی تەسكدا ڕەنگ پێ ئەدەنەوە و، بە گشتی ئەوان ئەڵێن مادام حوكمەكە لە واقیعدا بوونی ھەیە، ئەوە شەرعییە، ئیتر كێ حوكم ئەكات مەرج نییە. مەرج ئەوەیە كە كوفری ئاشكرا نەكات. ھەروەھا ئەڵێن مادام خەڵكی بەو حوكمە ڕازین و خۆیان ھەڵیان بژاردووە، ئەبێ گوێ ڕایەڵی بن و، بەشدارییان لە ھەڵبژاردندا مانای وایە گوێ ڕایەڵی فەرمانی وەلی ئەمرن.

ڕەوتی شێخەكانی سەلەفییەت قەناعەتیان وایە كە دیموكراتی كارێكی شەرعی نییە و، لە لایەن كەسانێكەوە ناچەسپێت كە گوێ ڕایەڵییان قبوڵ بكرێت. ئەو ڕەوتە ھەر لە بناغەوە دان بە شەرعیەتی ڕژێمەكاندا نانێن، چونكە پێیان وایە كە ئەوان بەو شەرعە حوكم ناكەن كە خوا ناردوویەتی و، مرۆڤ ئەكەنە ھاوبەشی خوا لە یاساداناندا. بەڵام ئەوەی ھەیە سەرانی ئەو ڕەوتە بە ئاشكرا ئەو بانگەوازە ناكەن. لە لایەكی دیكەوە ئەم ڕەوتە ئەڵێ كە ئیسلامییەكان بۆ ئەوەی ئەو فشارەیان لەسەر كەم بێتەوە، ئەتوانن و لە بەر مەسڵەحەت بچنە ناو پرۆسەی دیموكراتییەوە. بن باز و شێخ ئەلبانی و ئەوانی دیكە فەتوایان ھەیە كە لەبەر مەسڵەحەت، نەك قبوڵكردنی دیموكراتییەت وەك بیروھزر و عەقیدە، موسوڵمانان ئەتوانن بچنە ناو پرۆسەی دیموكراتییەوە. لەبەر ئەوە بینیمان كە سەرانی سەلەفییەكانی كوەیت خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید كرد. ھەروەھا كەسانی سەلەفی وەك: شێخ عەبدولرەحمان عەبدولخالق و، دوكتۆر عەبدولڕەزاق شایجی نووسینی زۆریان لەو بارەوە ھەیە. خودی دوكتۆر شایجی قسەی زاناكانی كۆن و نوێی كۆكردۆتەوە لەوانەی فەتوایان داوە لەسەر بەشداربوون لە پەرلەماندا و، ساڵی (1996) كردوونی بە كتێبێك و بە چاپی گەیاندووە.

سەلەفییەكانی ناو ئیخوانیش بە گشتی لە ڕای ئیخوان خۆی دەرناچن سەبارەت بە بەشداریكردن لە پەرلەماندا. شێخ عەبدولمەجید زیندانی لە یەمەن ھەموو قورسایی خۆی خستە سەر بەشداربوون لە كاری سیاسی و، خۆشی بووە ئەندامێكی دیاری ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی. شێخ عسام البشیریش لە پەرلەمانی سودان بەشداری كردووە و، شێخ ئەشقەر فەتوای داوە كە بەشداربوون لە پەرلەماندا جایزە. بە گشتی ئەوانیش پێیان وایە لەبەر مەسڵەحەت بەشداریكردن لە پەرلەماندا كە ڕوخسارێكی دیموكراتییەتە جایزە.

ڕەوتی سرورییەكان ھەڵوێستەیەكیان لە ئاست دیموكراتیدا ھەیە و، مەسڵەحەت و مەفسەدەت ناكەنە بیانووی بەشداربوون لە پرۆسەی دیموكراتی و پەرلەماندا. ھەندێك لەسەرانی ئەو ڕەوتە لە دیاری كردنی بەرژەوەندی و مەفسەدەتدا دیدوبۆچوونی جیاوازیان ھەیە. بەڵام شێخ محمد سرور خۆی بە توندی دژ بە بەشداربوون لەبەر ھۆی سیاسی وەستاوەتەوە. جەمال سوڵتان لە ھەموویان كراوەترە لەو مەسەلەیەدا. شێخ محمد سرور قەناعەتی وایە كە حاكمەكانی جیھانی ئیسلام بە تەواوەتی كۆنترۆڵی ئەو دیموكراتییەیان كردووە و، ھەموو شەرعییەتێكیان داوە بە خۆیان و، بەشداریكردنی ئیسلامییەكان زیاتر ئەو شەرعیەتدانەیان بۆ قوڵ ئەكاتەوە. ئەمە جگە لەوەی كە فڕوفێڵێكی زۆر لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەكەن و، جەماوەرێتی ئیسلامییەكانی پێ سووك ئەكەن.

لە بەرامبەر شێخ سرورەوە، شێخ سەلمان عودە و شێخ سەفر حەوالی فەتوایان بۆ ئیسلامییەكانی جەزایر دا كە ئەتوانن بچنە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە و، لە نەوەتەكاندا ھەوڵیشیان دا كە قەناعەت بە بەرەی ئینقاز بكەن تا بچنە ناو ئەو پۆرسەیەوە. شێخ سەلمان بۆ ئیسلامی شوێنەكانی دیكەش ھەڵوێستی لایەنگریی ھەبووە كە بچنە ناو ھەڵبژاردنەكانەوە.

ڕەوتی سەلەفی جیھادییش سەبارەت بە دیموكراتییەت و بەشداریكردن لە ھەڵبژاردندا جیاوازە. ئەو ڕەوتە ھەموو جۆرە بەشداریكردنێك لە پرۆسەی دیموكراتیدا بە دیموكراتیش خۆیەوە ڕەت ئەكاتەوە، چ لە لایەنی بیروھزرەوە بێت یان لە لایەنی عەقیدەوە بێت. ئەم ڕەوتە جیاوازی ناخاتە نێوان ڕەت كردنەوەی خودی دیموكراتی و نێوان بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن و پەرلەماندا، جا ئەو بەشدایكردنە لە بوارێكی تەسكدا بێت یان فراوان. بەشداریكردن لە دیموكراتی و پرۆسەكانیدا داننانە بە شەرعیەتی ئەو سیستمە و، دان نانە بە حوكمی كافر و، ھاوكاریی كردنییەتی لە كوفر و دوژمنایەتی و داگیركردنەكەیدا. ئەمە جگە لەوەی سەرانی ئەو ڕەوتە مەسڵەحەت و مەفسەدەت ناكەنە پێوەرێك بۆ بەشدار بوون لە پرۆسەی دیموكراتیدا.

ڕەوتی سەلەفی جیھادی ھەڵوێستی جیاوازیشیان بەرامبەر بەو كەس و لایەنانە ھەیە كە بەشداری لە دیموكراتی و پرۆسەكانی دیموكراتیدا ئەكەن. خەڵكانی تیۆری ناو ئەم ڕەوتە پێیان وایە ئەوانەی بەشداری ئەكەن لە پرۆسەی دیموكراتیدا ھەڵە ئەكەن و لێپرسینەوەیان لە گەڵدا ئەكرێت. بەڵام سەلەفیی جیھادیی چەكدار ڕایان وایە كە ئەو بەشداریكردنە كوفرە. بەڵام ئەو كەسانە وەك تاك كافر ناكەن كە بەشدار ئەبن. ھەندێكیشیان ھەیە كە تاكەكانیش كافر ئەكەن بە چوونە ناو ھەڵبژاردن و پەرلەمان و پرۆسەكانی دیكەی دیموكراتییەوە. ئەوانە پێیان وایە كە ئەو كەسانە بەڵگەكانیان بۆ ڕوون كراوەتەوە و، (ئیقامەی حوجەیان) لەسەر كراوە و، ھیچ بەربەستێك نەماوە لەبەردەم تەكفیر كردنیاندا.

ڕای كەسانی دیكە:

زۆرجار ئەو پرسیارە ئەكرێت كە ئایا كۆمەڵگەی موسوڵمانان ئامادەیە بۆ قبوڵكردنی دیموكراتی، یان ئایا ئەو ئاستەی لە ڕۆشنبیری ھەیە كە دیموكراتییەت تیایدا سەركەوتوو بێی؟ دیارە ئەم پرسیارانە لە لایەن خەڵكێكەوە ئەكرێن كە ئەیانەوێت دیموكراتی كاری پێبكرێت. ھەر خۆیان لە وەڵامدا ئەڵێن كە كۆمەڵگەكانی ئێمە ھێشتا لەبار نین بۆ قبوڵكردن و چەسپاندنی دیموكراتی.

دیارە توندترین دژایەتی دیموكراتی لە سەلەفییەكانەوە دێت و، خەڵكانی عەلمانی لەو توندوتیژییەی ئەوان تۆقیوون. تەنانەت ھەندێكیان باوەڕیان بەو بەشداربوونەی ئیسلامییەكان نییە لە پرۆسەی دیموكراتیدا و، پێیان وایە بە قەناعەتەوە نییە و، بەرژەوەندی وای لێكردوون بەشداربن. ئەگەر دەسەڵاتیشیان ھەبێت ناھێڵن كەسی دیكە لە خۆیان زیاتر ببنە خاوەنی بیروھزری جیاواز.

سەعد الفقیە ئەڵێ: سەلەفییەكان بە ھەموو رەوتەكانیانەوە جیاوازی ئەخەنە نێوان دیموكراتییەت كە لە واقیعدا جێی خۆی كردۆتەوە و، لە نێوان دیموكراتییەتدا وەك سیستمێك. لەبەر ئەوەی دیموكراتی واقیع بوونی ھەیە پێیان قبوڵە، بەڵام قبوڵكردنەكە لەبەر مەسڵەحەتە.

بە لای عەلمانییەكانەوە ئەو ھەڵوێستەی سەلەفییەكان لە دیموكراتی جێی گومانە و، لە بناغەدا قەناعەتیان بە دیموكراتی نییە و، فشاریان كەوتۆتە سەر بۆیە قبوڵی ئەكەن. ھەروەھا ئەڵێن ڕەنگە ئەو بەشداریكردنەیان كارێكی وەھاش بكات كە بتوانن گۆڕانكاری بكەن و، لە كۆتاییدا ئامانجی خۆیان بێننەدی و، سەلەفییەتی خۆیان پیادە بكەن و، دیموكراتییەت ھەڵوەشێنن. ئەوەی كە نەگۆڕە لای سەلەفییەكان ئەوەیە كە ئەبێ شەرعی ئیسلام فەرمانڕەوا بێت و، دەوڵەت لەسەر بناغەی ئیسلام دابمەزرێت و، بە پێی شەرعی ئیسلام ئەو دەوڵەتە مامەڵە لە گەڵ دەرەوەی خۆیدا بكات. لەبەر ئەوە بوونیان لەناو پرۆسەی دیموكراتیدا بۆ قۆستنەوەی ھەلە.

لە كۆتایی ئەم بابەتەدا ئاماژە بۆ ئەوە ئەكەین كە سەلەفییەكان ئەڵێن كاتێك عەدالەت لە دەوڵەتدا پیادە ئەكرێت و، دادگاكان سەربەخۆ ئەبن و، ئەو ئازادیانەی شەرع دیاری كردوون بۆ خەڵكی مسۆگەر ئەكرێن و، دەسەڵاتدار خزمەتگوزارییەكان بۆ میللەت مسۆگەر ئەكات، ھیچ بوارێك نامێنێتەوە بۆ قبوڵكردنی دیموكراتی.

 
     
 

بگه‌ڕێوه‌

ئەرشیفی لێكۆڵینەوە

 
 

 

 
 
 
 

دامه‌زرێنه‌ر: خالد ڕه‌نجده‌ر

به‌رواری دامه‌زراندن: 3/12/2001

ژماره‌ی تۆمار: 983898521

admin@azmoon-kurd.com

 

.