.

 

سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له‌ نه‌رویج

SETERY LEKOLINEWEY SIASY - NORWAY

به‌رپرس: خالد ڕه‌نجده‌ر  دامه‌زراندن: (3/12/2001)

 

 
     
 

ئەفسەرێكی دیكەی پاسداران ئەبێتە باڵوێزی ئێران لە عێراق

(22/1/2010)...كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازە باڵوێزێكی نوێ ڕەوانەی عێراق بكات بۆ ئەوەی كاروبارەكانی لەو ووڵاتە ھەڵسوڕێنێت. ھەواڵەكان باس لە "حەسەنی دانافەر"ی ئەندامی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ئەكەن كە دەسەڵاتدارانی عێراق و ئەمریكاش بەوە تۆمەتباری ئەكەن كە دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرئەدات. پێگەی (العربیە) لەسەر تۆڕی ئێنتەرنێت ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە حەسەنی دانافەر یەكێك بووە لە ئەندامانی ئەو شاندە ئێرانییەی كاتی خۆی لە گەڵ ئەمریكاییەكان گفتوگۆ و دانیشتنی كردووە و، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ھەیە و، تا ئێستاش ئەندامی دەزگای ھەوڵگریی سەر بە پاسدارانە.

دانانی ئەفسەر و پیاوانی ئاسایش و دەزگاكانی ھەواڵگری بە باڵوێز لە ووڵاتاندا میراتی ئەمریكا و ڕوسیایە. لە كاتی جەنگە ساردەكەی نێوان ئەو دوو جەمسەرەدا ھەردوولا پێیان وابووە كە لایەنەكەی دیكە ناتوانێ ئەو ئەفسەرانە بە پارە بۆ خۆی بكڕێت و، زانیاری ھەستیاریان لێ وەربگرێت. دەسەڵاتدارانی ھەردوولا ئەو ئەفسەرانەیان پێ نھێنی ڕاگرتر بووە لە كەسانی سیڤیل. تەنانەت لەناو خۆشیاندا زیاتر پیاوانی دەزگای ھەواڵگری بۆ سەرۆكایەتی ووڵات كاندید ئەكرێن. فلادیمیر بۆتینی سەرۆكی پێشووی ڕوسیا و سەرۆكی حكومەتی ئێستا ئەفسەرێك بوو لە دەزگای "كەی جی بی"ی ڕوسیا. زۆربەی سەرۆكەكانی ئەمریكاش ئەفسەر بوون لە دەزگای "سی ئای ئەی". ڕژێمی سەدام حسێینیش لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێكی سەربازی بوو، باڵوێزەكانیی ئەفسەری دەزگای ھەواڵگری و ئاسایش بوون.

ئەو دەوڵەتانەی ھەوڵی بەدەست ھێنانی ھێز و توانا ئەدەن و ئەكەونە ناو ململانێی فراوانكردنی دەسەڵات و ڕۆڵی سیاسی و ئابوورییەوە، ڕوو ئەكەنە عەسكەرتایا و ئەوانەی بۆ پەیوەندییەكانی دەرەوە دائەنرێن لەو كەسانە ئەبن كە پێشتر كاریان لە دەزگای ئاسایش و ھەواڵگریدا كردووە. ئەو دەوڵەتانە پێیان وایە ئەو كەسانە باشتر لەوانی دیكە لەسەر ھەڵوێستی دەسەڵاتی سیاسی ووڵاتەكەیان سور ئەبن و، خیانەت ناكەن.

كۆماری ئیسلامی ئێران ئەیەوێت ببێتە تاكە ھێزی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ھەموو پرۆسەیەكی سیاسی و ئابووری و سەربازی ناوچەكەدا ڕۆڵی ھەبێت. لە عێراقیشدا كە بوونی ئەمریكا ھەیە و، ئێرانیش ئەیەوێ بوونی لە ھەمان ئاستی ئەمریكادا ھەبێت. بۆیە ھەندێك جار بەرژەوەندی ئەمریكا و ئێران لە عێراقدا بێ كێشە ئەڕۆن و، ھەندێك جاریش قەیرانی لەسەر دروست ئەبێت.

لەبەر ئەوەی عێراق گرنگییەكی ئاسایشیی زۆری بۆ ئێران ھەیە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو كەسانە ئەكەنە باڵوێز یان كارگێڕی خۆیان لەوێ كە باكگراوندێكی سەربازیی یان موخابەراتیانەیان ھەیە. ڕاستە ئەو سیاسەتە لەبەرژەوەندی ئێرانە، بەڵام زیانی بۆ عێراق ھەیە چونكە ئاسایش و سەروەری عێراق لە نێوان ئەو دووە ناكۆكەدا پێشێل ئەكرێت و، ھیچ ڕێزێكی نامێنێت. ئەمریكا چاودێری توندوتۆڵی باڵوێزخانەی ئێران ئەكات و، باڵوێزخانەی ئێرانیش لە بەرامبەرەوە دەسەوسان ناوەستێ و ھەوڵ ئەدات جموجوڵی ئەمریكاییەكان بە سەرباز و كەسانی سیڤیلەوە لە عێراقدا بخاتە ژێر چاودێریی خۆیەوە. گومانی تێدا نییە كە ئەو ھەڵسوكەوتە بەسەر عێراق و گەلی عێراقدا ئەشكێتەوە.

حەسەنی دانافەر كە بەم زووانە ئەبێتە باڵوێزی ئێران لە عێراقدا جێگری سەرۆكی ھێزەكانی دەریایی سوپای پاسدارانیش بوو كە ئەو كاتە "عەلی شەمخانی" سەركردەی ھێزی دەریای ئێران بوو. ئەم باڵوێزە زمانی كوردی عەرەب ئەزانێت و سەر بە باڵی پارێزگارەكانە و، لە دایكبووی ساڵی (1962)ە و چوار منداڵی ھەیە. ئەم باڵوێزە لە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكاوە بۆتە بەرپرسی نۆژەن كردنەوەی مەرقەدەكانی عێراق. دوای گەیشتنی حەسەنی دانافەر بۆ عێراق "كازمی قومی"ی باڵوێزی ئێستا لە عێراق ئەبێتە بەرپرسی نۆژەن كردنەوەی مەرقەدەكانی عێراق. "حەسەن كازمی قومی"یش ئەفسەری فەیلەقی قودس بووە و، پێش كاركردنی لە عێراق، لە ئەفغانستان و لوبنان كاری كردووە.

دانانی ئەفسەرەكانی پاسداران و دەزگای ھەواڵگری ئێرانی لە عێراق و ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان ڕەنگدانەوەی گرنگی ئەو ووڵاتانە و ناوچەكەیە لە فەرھەنگی سیاسی و سترتیژییەتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا. ئیتر تا چەند ووڵاتانی عەرەبی و ھێزە سونییەكانی ناوچەكە ھەستی پێ ئەكەن، مەسەلەیەكە بۆ ئەوان وازی لێھێنراوە.

 
     
 

بگه‌ڕێوه‌

ئەرشیفی لێكۆڵینەوە

 
 

 

 
 
 
 

دامه‌زرێنه‌ر: خالد ڕه‌نجده‌ر

به‌رواری دامه‌زراندن: 3/12/2001

ژماره‌ی تۆمار: 983898521

admin@azmoon-kurd.com

 

.