.

 

سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له‌ نه‌رویج

SETERY LEKOLINEWEY SIASY - NORWAY

به‌رپرس: خالد ڕه‌نجده‌ر  دامه‌زراندن: (3/12/2001)

 

 
     
 

لە ھەموو ھەورێك باران نابارێت

20.01.2010...ڕۆژی (18/4/2005) مەلا بەختیار لە شاری ئۆسلۆ بوو و، ئێوارەكەی بانگھێشت كرابوو بۆ كەناڵی (تێ ڤێ 2)ی نەرویج و، كورد واتەنی (بە كەماڵی ئیسراحەت) پاڵی لێ دابووەوە و قسەی خۆی ئەكرد. لەو چاوپێكەوتنەدا مەلا بەختیار زۆر لە خۆی ڕازی بوو و، ووتی: (لێبووردنەكەی سەرۆكی عێراق "جەلال تاڵەبانی" مەلا كرێكاریش ئەگرێتەوە و، پێویست ناكات مەلا كرێكار داوای لێبووردن بكات. مەلا كرێكار تەنھا ئەتوانێت ئەوەندە بڵێ كە سەر بە ڕێكخراوی قاعیدە و ئەنسارولئیسلام نییە و، پەیوەندییەكانی خۆی لە گەڵیاندا ئەپچڕێنێت). بەردەوام ووتی: (مەلا كرێكار ئەتوانێت وەك تاكێكی عێراقی سادە ژیانی لە عێراقدا بەسەر بەرێت و، بگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی و، یاساش پارێزگاری لێ ئەكات).

مەلا بەختیار و پیاوەكانی ئاگایان لە سیاسەتی نەرویج نییە و، نازانن ڕۆژنامە و كەناڵەكان لە ھەمان كاتدا لایە دژ بە یەكەكان بانگێشت ئەكەن و، قسەی ھەردوولا ئەگەیەنن بە میللەتەكەی خۆیان. ھەر لەبەر ئەوەبوو كە ڕۆژنامەوان "ئولا"، ئەو كەسەی چاوپێكەوتنەكەی بۆ مەلا بەختیار ساز كردبوو، ھەر دوای چاوپێكەوتنەكە تەلەفۆنی بۆ من (خالد ڕەنجدەر) كرد و، ووتی: (گوێبیستی قسەكانی حیكمەت محمد كەریم بوویت؟). ھەر كە ووتم (بەڵێ)، ووتی: ئەگەر كۆمێنتارت ھەیە ئەتوانیت سبەی ئێوارە سەردانمان بكەیت). بۆ سبەی ئێوارە چووم و كتێبەكەی نەوشیروان مستەفام برد لە گەڵ خۆم. كتێبی (پەنجەكان یەكتر دەشكێنن). ھەروەھا وێنەیەكی تاڵەبانیم برد كە لە ماڵی مامۆستا مەلا عوسمانی ڕەحمەتی لە شاری سنە لە پشت مامۆستای خوالێخۆشبووەوە نوێژ ئەكات.

من تەنھا ئەوەندەم ووت كە ئەو كتێبە كەسایەتی دووەمی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەری كردووە تیایدا ئاماژە بۆ شەڕی نێوان حسك و یەكێتی ئەكات و، ھۆباڵی كوشتن و بریندار كردنی (25) كەسی ھەردوولا ئەخاتە ملی ئەو حیكمەت محمد كەریمەی ناسراوە بە "مەلا بەختیار". مەلا بەختیار ھاتووە لێبوردنی تاڵەبانی بۆ مەلا كرێكار ھێناوە لە كەتێكدا خۆی ئەبێت دادگایی بكرێت. "ئولا"ش لە كۆمێنتاركەی خۆیدا ئاماژەی بۆ كرد و، كامێراكەش وێنەكەی تاڵەبانی ھێنایە پێشەوە و، ڕۆژنامەوانەكە ووتی: (ئەوە سەرۆكی ئێستای عێراقە و كاتی خۆی لە پشت ڕابەرەكەی مەلا كرێكارەوە نوێژی كردووە). لە سەردانی كەناڵەكەدا مەلا بەختیار چەند كەسێكی تەنزیمی بە دەورەوە بوو و، بە دڵێكی زۆر خۆشەوە لە بارەگای كەناڵەكە ھاتە دەرەوە.

بەڵام ئەمجارە كە ھاتەوە بۆ شاری ئۆسلۆ وەك جاری یەكەم نەبوو. ئەمجارە لە كاتێكدا ھاتۆتەوە بۆ ئەوروپا كە لایەنگرەكانی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا خەریكن ئەوروپا بۆ خۆیان كۆنترۆڵ ئەكەن و، جێ بە تاقمەكەی تاڵەبانی و مەلا بەختیار لێژ ئەكەن. ئەمجارە لە كاتێكدا ھاتۆتەوە بۆ نەرویج كە سیاسەتمەدار و خەڵكی سادەی نەرویج دەزانن شەڕی ئەمریكا دژ بە عێراق لە ساڵی (2003)دا بێ بەڵگە بوو و، نەرویج باڵی تاڵەبانی و مەلا بەختیاری تەنھا بۆ ئەوە ئەویست كە بەڵگەی دروست كراو لەسەر مامۆستا كرێكار بێنن. ئەمە جگە لەوەی خەڵكی نەرویج بۆیان دەركەوت كە مەسەلەی مامۆستا كرێكار سیاسەتێك بوو و ھیچی دیكە.

ئەوەی ھاتنی ئەمجارەی مەلا بەختیاری لە جاری یەكەمی جیاكردۆتەوە (تەماتە بارانی بوو). جاری پێشوو ھەر لە چوونە ژوورەوەی بۆ بارەگای كەناڵی (تێ ڤێ 2) و تا ھاتنە دەرەوەشی زەردەخەنە لە لێوی ئەباری. بەڵام ئەمجارە نەك ھەر زەردەخەنەی لەبیرچووەوە، بەڵكو بە دڵێكی پڕ لەداخ و كەسەرەوە نەرویجی بەجێھێشت. ھەرگیز مەلا بەختیار لەو بڕوایەدا نەبوو ئاوا ڕێزی بشكێت.

تەماتە بارانی مەلا بەختیار پەندێكە ئەبێ سەرانی باڵی تاڵەبانی ناو یەكێتی ھەزار و یەك حیسابی بۆ بكەن. ئیتر ئەو ئازادییەیان نەما و، ئەگەر سەردانی دەرەوەی كوردستان كرد و بەنیاز بوون كۆڕ ببەستن، ئەبێ نیوەی ئامادەبووان لە خۆیان بن و پاسەوان بن.

بە ڕای ئێمە تازە ھەیبەتی سەرانی یەكێتی شكا. بۆیە ئێمەش ئەڵێین: (لە ھەموو ھەورێك باران نابارێت).

 
     
 

بگه‌ڕێوه‌

ئەرشیفی لێكۆڵینەوە

 
 

 

 
 
 
 

دامه‌زرێنه‌ر: خالد ڕه‌نجده‌ر

به‌رواری دامه‌زراندن: 3/12/2001

ژماره‌ی تۆمار: 983898521

admin@azmoon-kurd.com

 

.