.

 

سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له‌ نه‌رویج

SETERY LEKOLINEWEY SIASY - NORWAY

به‌رپرس: خالد ڕه‌نجده‌ر  دامه‌زراندن: (3/12/2001)

 

 
     
 

لێكدانەوەیەك بۆ نامەكەی تاڵەبانی بۆ سەرۆكی دادگای فیدراڵی عێراق

(22/1/2010)...دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكا و بەریتانیا و ھاوپەیمانەكانیانەوە لە مانگی ئاداری ساڵی (2003)دا و دانانی پۆڵ بریمەر بە فەرمانڕەوای عێراق، ئەمریكا كەوتە ھەڵوەشاندنەوەی دام و دەزگاكانی دەوڵەتی عێراق و دروست كردنی دام و دەزگای نوێ بە شێوەیەك كە لە گەڵ ئامانجی سیاسی و ئابووری و سەربازیی داگیركەردا بگونجێت. یەكێك لەو دەزگایانەی ئەو كاتە بەو گەرم و گوڕییە دروست بوو دەزگای "ڕیشەكێش كردنی حیزبی بەعس" بوو. ئەم دەزگایە بە ڕاست و چەپدا كەوتە دەركردنی بەعسییەكان لە دام و دەزگاكانی دەوڵەتدا و، لە زۆر جێگە و دامودەزگادا مەسەلەكە سەری كێشا بۆ تایەفەگەری و دەكردنی خەڵكی عەرەبی سوننە و، پاكتاوكردنی فەرمانگەكان لێیان.

دوای ئەوەی ئەم دەزگایە لە ساڵی (2003-2008) كاری خۆی كرد و سەدان ھەزار كەسی دوورخستەوە، خەڵكی عێراق ھەستیان بە مەترسی ئەو دەزگایە كرد. سەرەنجام لە (12/1/2008)دا پەرلەمانی عێراق یاسای (لێپێچینەوە و دادوەری) دەركرد و، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو یاسایە دەستەیەك بە ناوی دەستەی لێپێچینەوە و دادوەری پێكھێنرا. دروست كردنی ئەم دەستەیەبۆ ئەوەبوو كە ووردە بەعسییەكان لەوە زیاتر دەرنەكرێن و دوور نەخرێنەوە.

لەبەر ئەوەی دەستەی لێپێچینەوەی و دادوەری زیادەڕەوی لە كارەكەیدا كرد و ھەزاران كەسی دیكە بوونە قوربانی بڕیارەكانی، لە ھەفتەی یەكەمی ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق "دەستەی پێداچوونەوە"ی دروست كرد كە لە (7) دادوەر پێكھاتووە. كاری ئەم دەستەی پێداچوونەوەیەوە بریتییە لە پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی دەستەی لێپێچینەوە و دادوەریدا. حەوت دادوەرەكەی دەستەی پێداچوونەوە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای دادەوە ھەڵبژێرراوون و دەستەی سەرۆكایەتی عێراقیش پەسەندی كردووە.

دەستەی لێپێچینەوە و دادوەری كە وەك دەزگایەكی باڵادەست لە عێراقدا كار ئەكات، ماوەیەك لەومەوبەر بە لیستی كاندیدەكانی ھەڵبژاردنی (7/3/2010)دا چووەوە و ژمارەیەكی زۆری لە حیزب و كەسایەتی سیاسی دوورخستەوە كە خۆیان كاندید كردبوو. دەكردن و دوورخستنەوەی ئەوانە بە بیانووی ئەوە بوو كە یان پەیوەندیان بە حیزبی بەعسەوە ھەیە، یان سۆزیان بۆی ھەیە و بانگەشەی بۆ ئەكەن. لە ڕاستیشدا وەك ھەندێك لایەنی سیاسی عێراقی بۆی ئەچن بریتییە لە پاكتاوكردنی عەرەبی سوننە.

بە بۆچوونی ئێمە لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی سیاسی لە نەرویج دوورخستنەوەی عەرەبی سوننە جگە لە نەھێشتنی ڕۆڵی سیاسییانە، ھەوڵدانێكە بۆ تاك كردنەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا و زیاتر پاڵدانیان بە حیزب و لایەنە شیعەكانەوە.

تاك كردنەوەی كورد لە ھاوكێشەی سیاسی عێراقدا مەترسییەكی گەورە لە سەر پرۆسە و قەوارەی سیاسی كورد دروست ئەكات. كاتێك كە شیعە و كورد بە تەنھا ئەمێننەوە و، شیعە خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەی عێراق ئەبێت، بیانووگرتن بە كورد ئاسانتر ئەبێت، چونكە لایەنێكی گرنگ لە عێراقدا لاواز كراوە كە كورد بتوانێت ھاوسەنگیەكی بۆ خۆی پێ دروست بكات.

جەلال تاڵەبانی دوێنێ پێنج شەممەی (21/1/2010) نامەیەكی فەرمی بۆ دادوەر "مەدحەت ئەلمەحمود"ی سەرۆكی دادگای فیدراڵی ناردووە و، داوای لێكردووە كە بۆی یەكلا بكاتەوە ئایا دەستەی لێپێچینەوە و دادوەری تا چ ڕادەیەك شەرعیەتی یاسایی ھەیە.

لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیشدا تاڵەبانی ووتی: "پرسیای ئێمە ئەوەیە كە ئایا دەستەی لێپێچینەوە و دادوەری ئەو دەزگایایە كە بتوانێت بڕیاری دووخستنەوەی ئەوانە دەربكات؟ ئەگەر لایەنێكی یاساییە و دەتوانێت كاری وا بكات، با ھەر بە یاسا و لە قۆڵی دەستەی پێداچوونەوەوە مامەڵە لە گەڵ بڕیارەكەیدا بكەین.

بە ڕای ئێمە دوو لێكدانەوە بۆ نامەكەی تاڵەبانی ئەكرێت. یەكێكیان ئەوەیە كە سەرانی كورد ھەستیان بەوە كردبێت كە شیعەكانی عێراق نیازیان وابێت كە كورد لە پرۆسەی عێراقدا تاك بكەنەوە و، ئاسانكارییەك بێت بۆ وەلانانی دواییان. دووەمیان ئەوەیە كە ھەوڵدانێك بێت بۆ بە یاسایی كردنی بڕیارەكەی دەستەی لێپێچینەوە لەمەر دەركردن و دوورخستنەوەی ئەو لایەن و كەسایەتییانە لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا.

جێی گومانە كە نامەكەی تاڵەبانی بۆ دەستەی پێداچوونەوە لەبەر بەرژەوەندی ئەوانە بێت كە دوورخراوونەتەوە. ھەروەھا جێی مەترسیشە ئەگەر ئێران دەستی لەم مەسەلەیەدا ھەبێت، چونكە ئێران كارتێكردنی لەسەر جەلال تاڵەبانی ھەیە و، تاڵەبانی ھاوپەیمانێكی نزیكی ئێرانە لە ناوچەكەدا. لە لایەكی دیكەوە تاڵەبانی بەنیازە شیعەكانی عێراق دەنگی بۆ بدەن تا جارێكی دیكە بۆ سەرۆكایەتی عێراق ھەلببژێردرێتەوە. دووخستنەوەی عەرەبە سونییەكان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بە دڵی دەسەڵاتدارانی ئێرانە و، بە یاسایی كردنی بڕیاری دوورخستنەوەیان ئێران ناڕاستەوخۆ شیعەكان ھان ئەدات بۆ دووبارە ھەڵبژاردنەوەی تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتی عێراق. گومانی تێدا نییە كە جەلال تاڵەبانی خاوەنی تاكتیكە و لە پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا شارەزایە و، ئەزانێت چۆن كار ئەكات و چۆن ھەڵ ئەسوڕێت.

 
     
 

بگه‌ڕێوه‌

ئەرشیفی لێكۆڵینەوە

 
 

 

 
 
 
 

دامه‌زرێنه‌ر: خالد ڕه‌نجده‌ر

به‌رواری دامه‌زراندن: 3/12/2001

ژماره‌ی تۆمار: 983898521

admin@azmoon-kurd.com

 

.